سەردێڕ:

ئەمریکا لەڕێگەی ئاسمانییەوە هاوکاری بۆ غەززە رەوانە دەکات

PM:11:48:01/03/2024

1852 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاریانداوە هاوکاری بۆ خەڵکی کەرتی غەززە رەوانە بکەن لەڕێگەی ئاسمانییەوە بە خستنەخوارەوەی کەرەستە خۆراکییەکان. بەرپرسێکی ئەمریکاش دەڵێت، هەر فڕۆکەیەک دەتوانێت بە ئەندازەی بارهەڵگرێک بۆ دوو بارهەڵگر پێداویستی هەڵبگرێت.


ئەمڕۆ هەینی، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ گەیاندنی هاوکاریی زیاتر بۆ کەرتی غەززە کە بەدەست خراپ بوونی دۆخی مرۆیی و هۆشدارییەکانی برسێتیەوە دەناڵێنێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتۆن هەوڵدەدات بگاتە رێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی ئاگربەستی دەستبەجێ لە کەتی غەززە بۆ ئەوەی رێگە بە چوونە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بدرێت.

ئەوەشی خستە روو، ئەمریکا دەیەوێت لەڕێگەی فڕۆکەوە سندوقی هاوکاری خۆراکی بخاتە خوارەوە بۆ کەرتی غەززە، چونکە گەیاندنی هاوکارییەکان لە رێگەی وشکانیەوە تادێت قورستر دەبێت.

هاوکات بەرپرسێکی ئەمریکا رایگەیاند، خستنەخوارەوەی هاوکاری بۆ کەرتی غەززە لەڕێگەی ئاسمانییەوە کاریگەری بەرچاوی دەبێت، چونکە تەنها یەک فڕۆکە دەتوانێت بە ئەندازەی بارهەڵگرێک بۆ دوو بارهەڵگر پێداویستی هەڵبگرێت.

بەرەبەیانی ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس لە رێگەی هەزاران موشەکەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەو هۆیەشەوە جارێکی دیکە جەنگ لە نێوان سوپای ئیسرائیل و فەڵەستیندا هەڵگیرسایەوە.













گەلەری