سەردێڕ:

٢٩ی شوبات و ساڵی پڕ؛ بۆچی چوار ساڵ جارێک مانگی شوبات ٢٩ رۆژە؟

PM:01:47:29/02/2024

2324 جار خوێندراوەتەوە

ساڵنامەی زایینی کە بەشێوەیەکی گشتی وڵاتانی جیهان کاری پێدەکەن، ٣٦٥ رۆژە و چوار ساڵ جارێک دەبێتە ٣٦٦ رۆژ؛ ئەو ساڵەی کە ٣٦٦ رۆژە پێی دەوترێت ساڵی پڕ. ٢٩ـی شوبات ئەو رۆژەیە کە ساڵەکە پڕ دەکات و تەنها چوار ساڵ جارێک دووبارە دەبێتەوە.


٢٠٢٤ ساڵی پڕە، یانیش هەر چوار ساڵ جارێک بەر لە ٢٠٢٤ و دوای ٢٠٢٤ بە ساڵی پڕ دادەنرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە تەنها لەو ساڵانەدا مانگی شوبات ٢٩ رۆژە. بۆچی ئەو رۆژە زیادەیە دەخرێتە سەر مانگی شوبات؟

بەپێی ساڵنامەی زایینی، ساڵ ٣٦٥ رۆژە، کە بە وردتر ٣٦٥.٢٥ رۆژە، بەو واتایەی زەوی پێویستی بە ٣٦٥.٢٥ رۆژ دەبێت بۆ سوڕانەوە بە دەوری خۆردا، بەڵام ئەگەر بە تەواوی هەژمار بکرێت ئەوا ٣٦٥ رۆژ و ٥ کاتژمێر و ٤٩ خولەکە.

ئەو پێنج کاتژمێر و ٤٩ خولەکە چوار ساڵ جارێک کۆدەکرێتەوە و دەخرێتە سەر ساڵنامە کە دەکاتە ٢٣ کاتژمێر و ١٥ خولەک، ئەوەش بە نزیکەی یەک رۆژ دانراوە و ئەو ساڵەی پێ پڕ دەکرێت و چوار ساڵ جارێک دەبێتە ٢٩ی شوبات، هەڵبژاردنی مانگی شوباتیش لەبەر ئەوەیە کە کورتترین مانگی ساڵە، دانانی ئەو رۆژە بۆ ئەوە کراوە مانگەکانی ساڵ لەسەر ریزبەندی ئاسایی خۆیان بەردەوام بن.

دانانی ٢٩ـی شوبات بۆ چوار ساڵ جارێک دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٤٥ ساڵ پێش زایین، لە سەردەمی جوولیۆس قەیسەر، گایوس جوولیۆس یەکێک بوو لە ژەنەڕاڵ و سیاسەتمەدارانی رۆما، کە ١٠٠ ساڵ بەر لە زایین لەدایکبووە و لە ٤٤ ساڵ بەر لە زاییندا کوژراوە و رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە گۆڕانی کۆماری رۆم بۆ ئیمپراتۆری رۆم.

جوولیۆس گرفتی سەردەمەکانی پێش خۆی چارەسەر کرد بەوەی، ساڵ بەپێی سەردەمە جیاوازەکان ساڵنامەی بۆ دادەنرا و سەرەتا ساڵێک ٣٠٤ رۆژ "١٠ مانگ" بوو تاوەکو دەستکاریکرا و کرایە ٣٥٥ رۆژ و لە چەند سەردەمێکدا ئەو گرفتە دووبارە دەبووەوە، تاوەکو جولیۆس لە زیاتر لە ٤٥ ساڵ بەر لە زاییندا بە راوێژکردن بە راوێژکارەکان و ئەستێرەناسەکانی رۆما و لە ناویاندا سۆسێجێنێسی ئەسکەندەری، ئەو گرفتەی چارەسەر کرد و رۆژێکی بۆ مانگی شوبات زیاد کرد لە هەر چوار ساڵ جارێکدا. کە دواتر لە ١ـی ١ـی ٤٥ ساڵ پێش زایینەوە کاری پێکرا.

جولیۆس کاتێک لە میسر بوو باوەڕی بە ساڵنامەی خۆریی ئەوان هێنا، بە جۆرێک کە سۆسێجێنێس ئامۆژگاری کرد لەبری پشتبەستن بە ساڵنامەی مانگیی، پشت بە ساڵنامەی خۆریی ببەستێت، کە ساڵنامەی خۆریی میسری لە ٣٦٥ رۆژ و یەک لەسەر چواری رۆژێک پێکهاتبوو و ناو بە ناو بەپێی چاودێری ئەستێرە ناسەکان رۆژێکیان بۆ مانگێکی ساڵەکە زیاد دەکرد. بۆیە ئەوە ئەو بیرۆکەیەی خستە مێشکی جولیۆسەوە لەبری ئەوەی بە پشتبەستن بە ئەستێرەکان رۆژەکە دیاری بکەن، بە تێکەڵبوون لەگەڵ نەریتی رۆمانیەکان، یەک رۆژیان بۆ هەر چوار ساڵ جارێک زیاد کرد لەسەر کورتترین مانگ.

کە دواتر مانگی ٧ی ساڵنامەی زایینی ناونرا "جوڵای" وەک رێزێک بۆ ناوی جولیۆس و مانگی ٨ی ناونرا "ئۆگەست" بە ناوی دووەمی جولیۆسەوە.

ساڵنامەکەی جۆلیۆس ساڵێکی بە ٣٦٥.٢٤٢ رۆژ لەبری ٣٦٥.٢٥ رۆژ دادەنا، کە ئەوە گرفتی دروستکرد و لەو شوێنانەی کە پابەندبوون بە ساڵنامەکەی جولیۆسەوە و لە یەک رێکەوتدا سەری ساڵیان بەڕێوە نەدەبرد و بە نزیکەیی ساڵنامەکە ١١ خولەک جیاوازی هەبوو.

ئەمەش وایکرد کە لە ساڵانی ١٥٧٠دا پاپا گریگۆری سیانزەیەم کریستوفر کلاڤیۆسی فەلەکناس رابسپێرێت کە ساڵنامەیەکی نوێ دابڕێژێت. دواتر لە ساڵی ١٥٨٢دا ١٠ رۆژ زیاتر لەو ساڵەدا مایەوە و ئەوانیش بڕیاریاندا، هەر چوار ساڵێک یەک رۆژ بۆ ساڵنامەکە زیاد بکەن و بەراورد بە رۆژمێری رابردوو کە ساڵنامەی مانگی بوو، بەو پێیەش بە ٤٠ ساڵ ساڵێکی پڕ دەبێت کە لە سەرانسەری جیهاندا هاوتادەبێت.

٢٩ی شوبات سەرەڕای ئەوەی لە چوار ساڵدا رۆژێکە، لە جیهاندا چەندین رووداو و وتەی لەسەرە و بەشێکی خەڵک بۆ کات بەسەربردن چەند بەسەرهاتێکیان لەسەر دروستکردووە.

ئەو کەسانەی لە ٢٩ی شوباتدا لەدایکدەبن تەنها چوار ساڵ جارێک دەتوانن یادی لەدایکبوونیان بکەنەوە. یانیش لە کلتوری وڵاتە جیاوازەکاندا باس لەوەدەکەن، ئەگەر کەسێک لە ساڵی پڕدا لەدایکبووبێت، ئەوا بۆ چوار ساڵی داهاتوو نابێتە چوار ساڵ، بەڵکو دەبێتە چوار ساڵ و یەک رۆژی پڕ.
هـ.ئـ













گەلەری