سەردێڕ:

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆتێلێکی چین ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا

AM:08:56:24/02/2024

5468 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی خینهوای چین رایگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆتێلێک لە شاری نانجینگی رۆژهەڵاتی چین ١٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٤٠ کەسی دیکەش بەسەختی برینداربوون. دەشڵێت، "پێدەچێت ئاگرەکە لە ئەنجامی شۆرتی کارەباوە بووبێت".


ئەمرۆ شەممە، بەڕێوەبەری شارەوانی نانجینگی بە ئاژانسی هەواڵی خینهوای چینی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٦:٢٠ خولەک تیمەکانی فریاگوزاری ئاگادارکرانەوە بە هەبوونی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە هۆتیلەکانی نانجینگی.

ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانی فریاگوزاری بەهۆی فراوانبوونی ئاگرەکەوە ١٦ تیمی ئاگرکوژێنەوەیان رەوانەی هۆتێلەکە کرد، کە بە هۆیەوە ١٥ کەس گیانیان لەدەستداو و ٤٤ کەسی دیکەش برینداربوون. دەشڵێت، "برینی بەشێکیان سەختە و بەگوێرەی راپۆرتە پزیشکیەکان ئەگەری بەرزبونەوەی رێژەی گیانلەدەستدان هەیە".

باسی لەوەش کرد، ئاگرەکە لە قاتی یەکەمی هۆتێلەکە سەری هەڵداوە، لە ئێستاشدا گومان دەکرێت کە ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بوبێت و پاشان بەهۆی تەقینی غازەکانەوە ئاگرەکە تەشەنەی سەندبێت بۆ قاتەکانی سەروتر کە ئەوەش بە دووەم رووداوی ئاگرکەوتنەوە دادەندرێت لە ماوەی مانگێکدا. 

هاوکات لە چەند هەفتەی رابردوودا، بەهۆی شۆرتی کارەبا لە یەکێک لە باڵەخانەکانی کۆمپانیاکانی خەڵوز لە ناوچەی لێشی باڵەخانەیەک ئاگری گرت و  بەهۆیەوە ٢٦ کەس گیانیان لەدەستداو و ٥١ کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بە گوێرەی میدیا چینیەکان، لەماوەی سێ مانگی رابردوودا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی چین ٨٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٣٨ کەسیش برینداربوون، کە ئەوەش بە بەرزترین رێژەی تۆمارکراوی گیانلەدەستدان دادەندرێت لەماوەی سێ مانگدا.













گەلەری