سەردێڕ:

لە سەرەتای جەنگەوە؛ روسیا زیاتر لە هەشت هەزار موشەکی دژی ئۆکرانیا بەکارهێناوە

PM:05:55:22/02/2024

1064 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا روسیا زیاتر لە هەشت هەزار موشەکی جۆراوجۆر و چوار هەزار و ٦٣٠ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی لە دژی هێزەکانی ئۆکرانیا بەکارهێناوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، یوری ئیهنات وتەبێژی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا رایگەیاند، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە هێزەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو سودیان لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتانی رۆژئاوا بینی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە موشەکییەکانی روسیا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بە پێی داتاکانیان؛ لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا روسیا زیاتر لە هەشت هەزار موشەکی جۆراوجۆری لە دژی هێزەکانی ئۆکرانیا بەکارهێناوە و بەهۆیەوە هەزاران سەرباز گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیکەش برینداربوون.

دەشڵێت،" هێزەکانی روسیا چوار هەزار و ٦٣٠ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی لە دژمان بە کار هێناوە لە سەرەتای جەنگەوە".

لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢دا و بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا بڕیاری هێرشکردنە سەر خاکی ئۆکرانیا درا و بەهۆیەوە هەزاران سەرباز لە هەردوو لا گیانیان لە دەستدا و هەزاران سەربازی دیکەش برینداربوون.

لە ئێستاشدا دوای دوو رۆژی دیکە جەنگەکە پێ دەنێتە دوو ساڵەی بەردەوام بوونییەوە و هیواکان بۆ کۆتایی هاتنی جەنگەکە کەم بوونەتەوە، لە نوێترین لێدوانیدا لە بارەی دانوستانەوە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا بوەستێت لە ناردنی هاوکاری سەربازیی بۆ ئۆکرانیا کۆتایی بە جەنگەکەیان لەگەڵ ئەو وڵاتە دەهێنن.













گەلەری