سەردێڕ:

ئاڵۆزییەکانی دەریای سور؛ هێرشکرایە سەر کەشتییە سەربازییەکانی فەڕەنسا

PM:04:42:22/02/2024

1456 جار خوێندراوەتەوە

ئەرکانی گشتی هێزەکانی فەڕەنسا رایگەیاند، لە دەریای سوردا هێزەکانیان بەر پەرچی دوو هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان داوەتەوە کە لەلایەن گروپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی یەمەنەوە ئاڕاستەی کەشتییە سەربازییەکانیان کرابوو.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەرکانی گشتی هێزەکانی فەڕەنسا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ‌هێزەکانیان لە دەریای سوردا لەلایەن دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشیان کراوەتە سەر.

ئاماژەی بەوەش کردووە، فڕۆکەکان پێش ئەوەی ئامانجەکەیان بپێکن لەلایەن سیستەمی بەرگری کەشتییەکانیانەوە تێکشکێندراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، تەنها لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا نزیکەی چوار جار هێرشکراوەتە سەر هێزە دەریاییەکانی فەڕەنسا لە دەریای سوردا.

دەریای سوور بە ڕێرەوێکی گرنگی بازرگانی جیهانی دادەنرێت بە جۆرێک لە ١٢٪ـی بازرگانی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.

سەبارەت بە کەمبوونەوەی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکانیش، پێشتر رێکخراوی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رێژەی بازرگانی کردن لە نۆکەندی سوێس ٤٢٪ کەمبووەتەوە بەهۆی هێرشی بەردەوامی گروپە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکانی یەمەنەوە.

بە گشتی لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا هێرشی گروپە لە یاسا دەرچووەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سور دەستی پێکرد و تا دەهات هێرشەکان زیاتر دەبوون، بەو هۆیەشەوە لە بەرەبەیانی رۆژی ١٢ی مانگی کانونی دووەم هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەمریکا و بەریتانیا چەند پێگەیەکی تایبەت بە گروپە چەکدارەکانی یەمەنیان بۆردومانکرد، وەک بەرپەچدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی لەلایەن ئەو گروپە چەکدارانەوە دەکرایە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سور.













گەلەری