سەردێڕ:

وەزارەتی بەرگری فەڕەنسا: هێرشکرایە سەر هێزەکانمان لە دەریای سوور

PM:09:46:20/02/2024

1932 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری فەڕەنسا رایگەیاند، هێزەکانیان لە دەریای سووردا لەلایەن دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کە لەیەمەنەوە ئاڕاستەکرابوون هێرشیان کرایە سەر. دەشڵێت، "سیستەمی بەرگری کەشتییەکانمان هەردوو فڕۆکەکەیان تێکشکاند پێش ئەوەی ئامانجەکانیان بپێکن".


ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی بەرگری فەڕەنسا رایگەیاند، لە کەنداوی عەدەن لە باشووری دەریای سووردا هێزەکانیان بەرپەرچی هێرشی دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان دایەوە کە لەلایەن هێزە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی یەمەنەوە ئاڕاستەی هێزەکانیان کرابوون.

ئاماژەی بەوەش کردووە، سیستەمی بەرگری کەشتییە سەربازییەکانیان توانیان هەردوو فڕۆکەکە تێکبشکێنن پێش ئەوەی بتوانن ئامانجەکانیان بپێکن.

دەریای سوور بە ڕێرەوێکی گرینگی بازرگانی جیهانی دادەنرێت بە جۆرێک لە ١٢٪ـی بازرگانی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.

سەبارەت بە کەمبوونەوەی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکانیش، چەند رۆژی رابردوو رێکخراوی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند رێژەی بازرگانی کردن لە نۆکەندی سوێس ٤٢٪ کەمبووەتەوە بەهۆی هێرشی بەردەوامی ‌هێزەچەکدارە لەیاسا دەرچووەکانی یەمەنەوە.













گەلەری