سەردێڕ:

لە کۆریای باشور ئەو خێزانانەی منداڵ دەخەنەوە پاداشت دەکرێن

AM:09:32:20/02/2024

2264 جار خوێندراوەتەوە

کۆریای باشور لە ئێستادا بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی لە دایکبوون کەوتووەتە ناو قەیرانێکی دیمۆگرافییەوە و حکومەت لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی وڵاتەکە لە هەوڵدایە لە رێگەی پاڵپشتی داراییەوە هانی خێزانەکان بە تایبەت ژنان بدات منداڵ بخەنەوە.


کۆمپانیای بوو یۆنگ لە کۆریای باشور بۆ خستنەوەی هەر منداڵێک ٧٥ هەزار دۆلار دەدات بە خێزانەکان، جیا لەوەش حکومەتی سیئۆل چەندین دەستپێشخەری کردووە لەوانە دابینکردنی خانوو بۆ ئەو کەسانەی تازە هاوسەرگیریی دەکەن لەگەڵ داشکاندنی کرێی چاودێریی منداڵ هاوکات پێدانی دوو هەزار ٢٥٠ دۆلار بەو خێزانانەی منداڵی تازەیان دەبێت.

بەپێی ئامارەکان رێژەی لە دایکبوون لە کۆریای باشور نزمترین ئاستە لە جیهاندا و لە ساڵی ٢٠٢٢ رێژەی لە دایکبوون ٠.٧٨٪ بووە، چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا ئەو رێژەیە بۆ ٠.٦٥٪ دابەزێت بەمەش پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٧٢ نیوەی دانیشتوانی کۆریای باشور تەمەنیان بۆ سەروو ٦٥ ساڵ هەڵکشێت.

هاوکات، کەمیى رێژەى لەدایکبوون کێشەی بۆ کۆمپانیاکان و دەستی کار لە وڵاتەکەدا دروستکردووە، بەو پێیەی لە ساڵانی داهاتوودا رێژەی پیر بوون لە وڵاتەکەدا بەرز دەبێتەوە و ئەوەش مەترسی لەسەر ئابووری کۆریای باشور دروستدەکات.

کۆریای باشور لە ساڵی ١٩٤٨ دامەزراوە، لەو کاتەدا ژمارەی دانیشتوانەکەی بە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس دەخەمڵێنرا و لە ساڵی ٢٠٢٠ـیشدا ژمارەکە گەیشتە لوتکە و ٥١ ملیۆن کەسی تێپەڕاند، بەڵام لە دوای ئەو ساڵەوە ڕێژەکە بەردەوام لە کەمبوونەوەدایە و پێشبینییەکان باس لەوە دەکەن کە کۆریای باشوور تا کۆتایی سەدەی ٢١ ژمارەی دانیشتوانی بە رێژەی زیاتر لە ٥٠% کەمبێتەوە.













گەلەری