سەردێڕ:

بۆ ئاگربەست لە غەززە؛ سی ئای ئەی و مۆساد و سەرۆک وەزیرانی قەتەر کۆبوونەوە

PM:05:06:13/02/2024

1448 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی میسر بڵاویانکردەوە، بۆ گفتوگۆ کردن سەبارەت بە ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمریکا و سەرۆکی مۆسادی ئیسرائیل و سەرۆک وەزیرانی قەتەر کۆبوونەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، میدیاکانی میسر بڵاویانکردەوە، ویلیام بێرنز بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمریکا و دەیڤد برینگ سەرۆکی مۆساد و محەمەد بن عەبدولڕەحمان سەرۆک وەزیرانی قەتەر، بۆ گفتۆگۆ کردن لەسەر دۆخی ئاگربەست لە غەززە کۆبوونەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، کۆبوونەوەکە لە ژێر رۆشنایی زیادبوونی فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس ئەنجامدراوە.

پێشتر دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیل رایگەیاند، حکومەتی ئیسرائیل بەفەرمی بڕیاری بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئەمنی قاهیرەدا داوە، کە بە بەشداری ئەمریکا و میسر و قەتەر بەڕێوەدەچێت بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەنێوان حەماس و ئیسرائیل.

ئەوەشی خستە روو، ئیسرائیل رەشنووسی نوێی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان و تەواوکردنی گرێبەستی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ حەماس داڕشتووە.

حکومەتی ئیسڕائیل باس لەوە دەکات، تاوەکو ئێستا نزیکەی ١٣٠ بارمتە لای حەماس مابێت لەکۆی ٢٥٠ بارمتە کە لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراون.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە بەرەبەیانی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا، بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە رێگەی هەزاران موشەکەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەو هۆیەوە دوای ساڵانێک جارێکی دیکە جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین سەریهەڵدایەوە و هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیکەش برینداربوون.













گەلەری