سەردێڕ:

بۆچی ئەمریکا لە هێرشەکەی بەغدا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی MQ9ی بەکارهێنا؟

PM:08:46:08/02/2024

2472 جار خوێندراوەتەوە

جارێکی تر ئەمریکا لە وەڵامی هێرشەکەی ئوردن، شەوی ٧ـی شوبات لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی 'ئێم کیو ناین' ئۆتۆمبێلێکی گروپەچەکدارەکانی لە بەغدا بەئامانج گرت، فڕۆکەکە لەتوانایدایە زیاتر لە سێ تۆن تەقەمەنی هەڵبگرێت و دوو هەزار کیلۆمەتر ببڕێت، هاوکات لە جەنگی عێراق و روسیا و ئۆکرانیاشدا بەکارهاتووە و تێچووەکەی ٥٦ ملیۆن دۆلارە.


شەوی ٧ـی شوبات کاتژمێر ٩:٣٠ خولەک ئەمریکا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێم کیو ناین ئۆتۆمبێلێکی گروپەچەکدارەکانی لە بەغدا کردە ئامانج و لە رێگەی موشەکی هێڵفایەرەوە گڕی لە ئۆتۆمبێلەکە بەردا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا.

فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێم کیو ناین چیە؟

ئێم کیو ناین جۆرێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکییە و لەلایەن کۆمپانیای جێنێڕاڵ ئەتۆمیک ئایرۆناوتیکاڵەوە لە ساڵی ٢٠٠١ دروستکراوە، پانی درۆنەکە لە باڵ بۆ باڵەوە ٢٠ مەترە و درێژییەکەی ١١ مەتر و بەرزییەکەی سێ مەتر و ٨٠ سانتیمە و تێچووەکەیشی ٥٦ ملیۆن دۆلارە.

هاوکات کێشی درۆنەکە بەبێ تەقەمەنی دوو تۆن و ٢٠٠ کیلۆگرامە و دەتوانێت تا سێ تۆن تەقەمەنیش هەڵبگرێت، خێرایی درۆنەکەش ٤٤٠ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا و دەتوانێت تا دووری نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتر ببڕێت هاوکات توانای هەڵگرتنی ٦٠٢ گاڵۆن سوتەمەنیشی هەیە.

بۆچی ئەمریکا لەو هێرشەدا بەکاری هێناوە؟

فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێم کیو ناین فرە ئەرکە و لە سەرەکیترین ئەرکەکانی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و چاودێریکردن و بۆردوومانکردنی ئامانجەکانیەتی بە وردی، هاوکات بەشداریکردنی لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ئازادکردنی دیل و بارمتەکان.

ئێم کیو ناین چەندین جۆری موشەک هەڵدەگرێت یەکێک لەو موشەکانە هێڵفایەرە کە شەوی ٧ـی شوبات لە بەغدا ئۆتۆمبێلێکی گروپەچەکدارەکانی بەئامانج گرت.

موشەکی ھێڵفایەر بە "ئاگری دۆزەخ" ناسراوە، کێشی ٤٥ کیلۆگرامە و درێژییەکەی مەترێک و ٦٠ سانتیمە، لە ساڵی ١٩٧٤ دروستکراوە. جیا لە پێکانی ئامانجە زەمینییەکان دەتوانێت لە ئاسمانەوە ھەلیکۆپتەریش بە ئامانج بگرێت، موشەکەکە لە جەنگی کەنداو و جەنگی روسیا و ئۆکرانیاشدا بەکارھاتووە.













گەلەری