سەردێڕ:

جۆن کێربی لەبارەی لێدوانێک سەبارەت بە ئاگادار کردنەوەی عیراق لە هێرشەکان داوای لێبوردن دەکات

PM:11:29:06/02/2024

2300 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی داوای لێبوردن دەکات لەسەر ئەو لێدوانەی چەند رۆژی رابردوو لەبارەی ئەوەی ئەمریکا پێش وەختە حکومەتی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە لە هێرش کردنە سەر گروپە چەکدارەکان.


ئەمڕۆ سێشەممە، جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەو زانیارییانەی پێی درابوون زانیاری ورد نەبوون لەبارەی ئاگادار کردنەوەی پێشوەختەی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە هێرشەکانی رۆژی ٢ـی ئەم مانگەی ئەمریکا بۆ سەر گروپە چەکدارەکان لە عێراق.

ئاماژەی بەوەش کرد، بۆیە سەبارەت بەو لێدوانەی داویەتی کە وتویەتی ئەمریکا پێش وەختە حکومەتی عێراقی لە هێرشەکان ئاگادار کردووەتەوە، هەڵەت بووە و داوای لێبوردن دەکات.

ئەوەشی خستە روو، هیچ نهێنییەکیان نەبووە بۆ رای گشتی و بەرپرسانی عێراق و بە ئاشکرا رایانگەیاندووە وەڵامی هێرشەکانی سەر هێزەکانیان دەدەنەوە.

رۆژی هەینی، جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە کۆنفراسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەمریکا پێش ئەنجامدانی هێرشەکانی بۆ سەر گروپە چەکدارەکان لە عێراق حکومەتی عێراق ی ئاگادار کردووەتەوە.

دواتر بەرپرسانی عێراق رایانگەیاند، ئیدانەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکی عێراق دەکەن و رەتی دەکەنەوە کە ئەمریکا پێش وەختە لەو هێرشانە ئاگاداری کردبێتنەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، شەوی ٢ـی شوبات فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە ٨٥ هێرشیان بۆسەر گروپەچەکدارەکان لە خاکی لە سوریا و عێراق ئەنجامداوە. دەشڵێت، "لەو هێرشانەدا ١٢٥ مووشەک بەکارهێنراون" وپێشتریش لە رۆژی ٢٨ـی مانگی رابردوو فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بنکەیەکی ئەمریکی لەسەر سنووری نێوان ئوردن و سوریا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژراون و چەند سەربازێکی دیکە بریندار بوون.













گەلەری