سەردێڕ:

لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکانەوە لە سودان دوو کاتژمێر جارێک منداڵێک گیان لەدەستدەدات

PM:07:58:06/02/2024

956 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور رایگەیاند، بەهۆی ململانێکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێراوە خەڵکی کەمپی زمزم لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین و بەهۆی بەدخۆراکییەوە لە هەر دوو کاتژمێر جارێکدا منداڵێک گیان لەدەستدەدات.


رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور رایگەیاند، خەڵکی ناو کەمپی زمزم پشتیان بەستبوو بە پاڵپشتییە نێودەوڵەتیەکان لە رووی خۆراک و چاودێری تەندروستی و ئاوی پاکەوە پێش ئەوەی لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا ململانێکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سودان سەرهەڵبدات.

ئاماژەی بەوەش کرد، کەمپی زمزم کە یەکێکە لە گەورەترین و کۆنترین کەمپی ئاوارەکان لە سودان و لە ئێستادا زۆرینەی ئەو پاڵپشتییانە واز لێهێنراون و لەو کەمپەدا هەر دوو سەعات جارێک منداڵێک بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیان لەدەستدەدات.

چەند رۆژی رابردوو، بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد، ١٨ ملیۆن کەس لە سەرانسەری سوداندا لە ئێستادا رووبەڕووی ئاستێکی سەختی برسێتی بوونەتەوە، بۆیە داوا لە هەردوو لایەنی ململانێکار دەکەن رێگە بدرێت بە شێوەیەکی سەلامەت هاوکاری بگەیەننە ئەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی.

لە ١٥ـی نیسانی ٢٠٢٣ـەوە شەڕی لە نێوان سوپای سودان بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەمەد حەمدان دەگەڵۆ سەری هەڵداو بەپێی ئاماری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٣ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و ملیۆنان کەس ئاوارە بوون.













گەلەری