سەردێڕ:

تایبەتمەندییەکانی ئەو فڕۆکەیەی ئەمریکا لە هێرشەکانیدا بۆ سەر سوریا و عێراق بەکاریهێنا

PM:07:58:03/02/2024

3564 جار خوێندراوەتەوە

بەرەبەیانی ٣ـی ئەم مانگە هێزەکانی ئەمریکا لە تۆڵەى هێرشەکەى شەوى ٢٨ى مانگی رابردوودا بە ژمارەیەک فڕۆکەى جەنگی بنکەی هێزە چەکدارەکانی لە سوریا و عێراق کردە ئامانج، هێرشەکانیش بە فڕۆکەى 'بی وەن'ـی بۆمبهاوێژی دورمەودا ئەنجامدراون کە دواى ٢٦ ساڵ گەڕانەوە ئاسمانى ناوچەکە.


جەنەڕاڵ دوگڵاس سمس بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانى راگەیاند، فڕۆکەى 'بی وەن' لە بنکەیەکى ئاسمانى لە ئەمریکاوە هەڵفڕیوە و بەشدارى بۆردومانى پێگەکانى گروپە چەکدارییەکانى لە سوریا و عێراق کردووە.

بۆمبهاوێژى 'بی وەن' کە بە یەکێک لە توانا بێهاوتاکانى ئاسمانیی ئەمریکا دادەنرێت بەوە جیادەکرێتەوە فڕۆکەیەکی دوورمەودا و کیشوەربڕە و دەتوانێت لە دوورترین مەودادا ئامانجەکەی بپێکێت، کە بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی هێزی ئاسمانی ئەمریکا، فڕۆکەکە گەورەترین بۆمب هەڵدەگرێت ئەمەش لەباری ئاسایی خۆیدا هەروەها بە کاریگەرترین بۆمبهاوێژى دوورمەودای وڵاتەکەش دادەنرێت کە خێرایی فڕۆکەکە توانای بەزاندنی دیواری دەنگی هەیە.

بە گوێرەی ماڵپەڕێکی ئەمریکی تایبەت بە فڕۆکە، درێژیی بۆمبهاوێژی بی وەن ٤٤ مەتر و ٥٠ سانتیمەترە و بەرزییەکەی ١٠ مەتر و ٤٠ سانتمەترە و کێشی فڕۆکەکەش زیاتر لە ٨٦ تەنە هەروەها تواناى هەڵگرتنی زیاتر لە ٢٢ تەن لە چەک و تەقەمەنی هەیە، خێراییەکەشی دەگاتە زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا کە لەلایەن دەستەیەکى فڕۆکەوانى چوارکەسیەوە لێدەخوڕدرێت.

فڕۆکەکە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٨٥ چووە بوارى خزمەتەوە لە سوپای ئەمریکا و یەکەمینجار فڕۆکەکە لە ساڵی ١٩٩٨ بەکارهێنرا لە ئۆپەراسیۆنی (رێوی بیابان) لە عێراق کە چەند بارەگایەکی سوپای ئەوکاتەی عێراقی پێکا.

بەڵام لە ئێستادا فڕۆکە زەبەلاحەکە بەرەو خانەنشین بوون دەڕوات و وەزارەتى بەرگرى رایگەیاندووە کە پلانیان هەیە تا ساڵى ٢٠٣٠ کۆتایی بە خزمەتى ئەم فڕۆکەیە بهێنێت.













گەلەری