سەردێڕ:

کۆشکی سپی: پێشتر عێراقمان لە هێرشە موشەکییەکان ئاگادارکردووەتەوە

AM:02:01:03/02/2024

2836 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی سپی رایگەیاند، هیچ پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە خاکی عێراق ئەنجام نەداوە و پێشتر حکومەتی عێراقیان لە هێرشەکان ئاگادارکردووەتەوە. دەشڵێت، "حەوت بارەگای چەک و تەقەمەنیان لە عێراق و سوریا کردووەتەوە ئامانج."


ئەمڕۆ شەممە، کۆشکی سپی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، هێرشەکانیان بەوردی ئامانجەکانیان پێکاوە کە بریتیبوون لە سێ بارەگای چەک و تەقەمەنی جیاوازی گروپەچەکدارەکان لە عێراق و چوار بارەگاش لە خاکی سوریا.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەر لە ئەنجامدانی هێرشەکانیان حکومەتی عێراقیان ئاگادار کردبووەوە لە وادەی ئەنجامدانی هێرشەکانیان. دەشڵێت، "وەڵامی ئەمریکا دەستی پێکردووە تا ئەو کاتەی گروپەچەکدارەکان دەوەستن لە بەئامانج گرتنی هێزەکانیان لە خاکی عێراق و سوریا و بەزوویش کۆتایی نایەت."

هاوکات سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە وەڵامی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکا بە فرمانی ئەو هێرشەکانیان بۆسەر بارەگای گروپەچەکدارەکان لە خاکی سوریا و عێراق دەستپێکرد و بەردەوامدەبن تا ئەو شوێن و کاتەی خۆیان دیاری دەکەن. وتیشی، "باجێکی قورسی دەبێت کوشتنی هێزەکانمان و هیچ هەوڵێکیش بۆ دروستکردنی ململانێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نادەین."

لە بەرامبەریشدا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، بۆردوومانەکانی ئەمریکا لە ناوچەی قائیم زەنگێکی مەترسیدارە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە فراوانتر دەکات. دەشڵێت، "هێرشەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراقدا پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە."

ئەوەش لە کاتێکدایە، شەوی ٢ـی شوباتی ئەمساڵ فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە ٨٥ هێرشیان بۆسەر گروپەچەکدارەکانلە خاکی لە سوریا و عێراق ئەنجامداوە. دەشڵێت، "لەو هێرشانەدا ١٢٥ مووشەک بەکارهێنراون."


 













گەلەری