سەردێڕ:

پاش هەشت مانگ لە زیندانیکردنی بە تۆمەتی سیخوڕی؛ کۆترێک لە هندستان ئازادکرا

PM:09:48:01/02/2024

5712 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسێکی هندستان رایگەیاند، دوای هەشت مانگ لە زیندانیکردنی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ چین، پۆلیسی هندستان کۆترێکی ئازاد کرد.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی هەواڵی "پرێس ترەست ئۆف"ـی هندستان بڵاوی کردەوە، پۆلیسی هندستان هەشت مانگ لەمەوبەر کۆترێکی زیندانی کرد کە گومانی ئەوەیان لێدەکرد سیخوڕی بۆ چین کردبێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، مانگی ئایاری ساڵی رابردوو کۆترەکەیان لە بەندەری شاری بۆمبای دۆزییەوە، کە ئەنگوستیلەیەک بە قاچەکانییەوە بووە هەندێک نوسینی چینی تێدا نوسرابوو، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی وا گومان بکەن سیخوڕی وڵاتی چین بێت.

دەشڵێت، '' دوای ئەوەی پۆلیسی هندستان کۆترەکەیان گرت رەوانەی نەخۆشخانەی ڤێتەنەریان کرد بەمەبەستی زانینی بارودۆخی تەندروستی، دواتر بەندیان کردووە بۆ ماوەی هەشت مانگ''.

ئاژانسەکە راشیگەیاند، پۆلیس دوای هەشت مانگ لە زیندانیکردنی کۆترەکە، بۆیان دەرکەوتووە کۆتری پێشبڕکێیە لە تایوان و هەڵهاتووە بەرەو هندستان، دواتر دوای پاکبوونەوەی لە تۆمەتەکان ئەمڕۆ ٢ـی مانگی شوبات کۆترەکە ئازادکرا.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە، لە هندستان چەند جارێکی دیکە رووداوی لەم شێوەیە روویداوە و بووەتە جێگەی سەرنجی میدیا جیهانییەکان.

لەساڵی ٢٠٢٠ پۆلیسی هندستان لەسەر سنوری وڵاتەکە، بە گومانی سیخوڕیکردن کۆترێکیان گرت، بەڵام دواتر بۆیان دەرکەوت کە خاوەنەکەی راوچییەکی پاکستانییە و سیخوڕ نییە.

دوای ماوەیەکی دیکە کۆترێکی دیکەیان گرت بە تۆمەتی ئەوەی نامەیەکی هەڕەشە ئامێز بە قاچەکانییەوە لکێنرابوو بۆ ناریندا مودی سەرۆک وەزیرانی هندستان.













گەلەری