سەردێڕ:

بەریتانیا یەکێک لە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە شاهانەییەکانی رەوانەی دەریای سور دەکات

AM:09:07:31/01/2024

3744 جار خوێندراوەتەوە

جێگری وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، بە مەبەستی رووبەڕوبوونەوەی گروپە چەکدارییەکانی یەمەن، یەکێک لە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە شاهانەییەکانی رەوانەی دەریای سوور دەکات.


ئەمڕۆ چوارشەممە، جەیمس هێبی جێگری وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، بۆئەوەی رووبەڕووی گروپە چەکدارییەکانی یەمەن ببنەوە لە دەریای سوردا بە نیازن کەشتییەکی هەڵگری فڕۆکەی جەنگی رەوانەی دەریای سووور بکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی گرووپە چەکدارییەکانی یەمەن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کەشتی فڕۆکەهەڵگری ' ئەیزنهاوەر' نەیتوانی لە دەریای سوردا وەک پێویست ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بەرپەرچی هێرشەکانی گرووپە چەکدارییەکان بداتەوە، بۆیە کەشتی یەکێک لە کەشتییەکانی شاهانەی بەریتانیا رەوانەی ناوچەکە دەکەن بۆئەوەی هاوکاری هێزەکانی ئەمریکا بکەن.

ئەوەشی خستووەتە روو، بەریتانیا ئامادەیە هەموو رێکارێکی پێویست بگرێتە بەر لە دژی ئەو گرووپە چەکدارانە بۆ ئەوەی سەقامگیری ناوچەکە بپارێزن.

هاوکات ، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، موشەکێکی دژە کەشتیان خستووەتە خوارەوە کە لەلایەن هێزە چەکدارییەکانی یەمەنەوە ئاڕاستەی هێزەکانیان کرابوو.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە چونکە توانیویانە موشەکەکە تێکبشکێنن پێش ئەوەی ئامانجەکەی بپێکێت.

هێزەیی دەریایی شاهانەی بەریتانیا خاوەنی دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگرە بە ناوی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری شاژنە ئیلیزابێس و شازادە وێڵز، کە هەریەکێکیان لە توانایاندایە ٣٥ فڕۆکەی شەڕکەر هەڵبگرن لەگەڵ سەدان پێویستی جەنگ.

کەشتی شاژنە ئەلیزابێس پێشتر بەشداری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ناوچەکەی کردبوو، بەو پێیەی ئەم کەشتییە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بەکارهێنرا بۆ شەڕی داعش لە سوریا و عێراق لە ساڵی ٢٠٢١دا.

بەڵام کەشتی فڕۆکەهەڵگری شازادە وێڵز تا ئێستا بەشداری لە ئەرکە سەربازییەکانی ناوچەکە نەکردووە.













گەلەری