سەردێڕ:

لەرێگەی ئامێرێکی تایبەتەوە دەتوانرێت بە بیرکردنەوە کۆنتڕۆڵی بەکارهێنانی ئامێرەکان بکرێت

PM:03:04:30/01/2024

2968 جار خوێندراوەتەوە

ملیاردێرێکی ئەمریکی کە خاوەنی کۆمپانیای "نیورالینک"ـە و تایبەتە بە دروستکردنی ئامێرە کارەباییەکانی مێشک و دەمار سەرکەوتنی چاندنی ئامێرێکی تایبەت لە کەلـلەی سەری مرۆڤدا راگەیاند کە دەتوانرێت لە رێگەیەوە بە بیرکردنەوەکان کۆنتڕۆڵی بەکارهێنانی مۆبایل و کۆمپیوتەرەکان بکرێت.


ئیلۆن مەسک ملیاردێری ئەمریکی و خاوەنی کۆمپانیای نیورالینک کە تایبەتە بە دروستکردنی ئامێرە کارەباییەکانی مێشک و دەمار لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس X بڵاویکردەوە، یەکەم چاندنی ئامێرێکی تایبەت کە ناوە پزیشکییەکەی "چیپ"ـە لە کەلـلەی سەری مرۆڤدا کە بەهۆیەوە دەتوانرێت لەڕێگەی بیرکردنەوەکان کۆنتڕۆڵی ئامێرە زیرەکەکان بکرێت؛ بە سەرکەوتوویی ئەنجام دراوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەگوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکان چاندنی ئامێرەکە لە کەلـلەی سەردا هۆکار بووە بۆ زیادبوونی خانەدەمارییەکان تێیدا.

وتیشی، " کەسانی توشبوو بە ئیفلیجی مێشک سوودمەندی یەکەم دەبن لەو چارەسەرە بەوپێیەی دەتوانن لەڕێگەی ئەو ئامێرەوە بە بیرکردنەوەکانیان کۆنتڕۆڵی بەکارهێنانی ئامێرەکانی وەک مۆبایل و کۆمپیوتەر بکەن".

هاوکات، بەپێی بەدواداچوون و زانیارییەکانی پەیمانگای نیشتمانیی تەندروستی دەمارەکان ئەو ئامێرە بۆ ناردنی زانیارییەکان لە رێگەی مێشکەوە سیگناڵی کارەبایی و کیمیایی بەکاردەهێنن و دەیگوازنەوە بۆ جەستە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا مۆڵەتی بە کۆمپانیاکە داوە بۆ ئەنجامدانی یەکەم تاقیکردنەوەی چاندنی ئەو ئامێرە تایبەتە لە کەلـلەی سەردا کە ناوە پزیشکییەکەی "چیپ"ـە و تاقیکردنەوەکەش سەرکەوتوو بووە.













گەلەری