سەردێڕ:

گەورەترین کەشتی جیهان یەکەمین گەشتی خۆی دەست پێ کرد

PM:05:07:28/01/2024

3296 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، گەورەترین کەشتی جیهان کە پێنج جار لە کەشتی تایتانیک گەورەترە و توانای هەڵگرتنی نزیکی ١٠ هەزار سەرنشینی هەیە، شەوی رابردوو دەستی بە یەکەم گەشتی خۆی کرد کە ماوەی حەوت رۆژ دەخایەنێت.


ئەمڕۆ میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، گەورەترین کەشتی گەشتیاری جیهان، کەشتی "ئایکۆنی دەریاکان" کە لەلایەن کۆمپانیای رۆیاڵ کاریبی ئینتەرنەشناڵەوە دامەزراوە شەوی رابردوو یەکەم گەشتی لە شاری میامی ویلایەتی فلۆریداوە دەست پێ کرد.

ئاماژە بەوەش کراوە، کەشتییەکە بۆ ماوەی حەوت رۆژ گەشتەکەی ئەنجام دەدات کە بە دورگەکانی کەنارەکانی کاریبیدا تێدەپەڕێت.

ئەوەش خراوەتە روو، کەشتییەکە توانای هەڵگرتنی حەوت هەزار و ٦٠٠ سەرنشینی هەیە لەگەڵ دوو هەزار و ٣٥٠ کارمەندی کەشتییەکە.

کەشتی "ئایکۆنی دەریاکان" گەورەترین کەشتی گەشتیارییە لە جیهاندا و درێژییەکەی ٣٦٥ مەترە و کێشی زیاتر لە ٢٥٠ هەزار تۆنە کە پێنج جار لە کەشتی تایتانیک گەورەترە، هەروەها کەشتییەکە دابەش کراوە بەسەر هەشت رووبەر و لە ٢٠ نهۆم پێکدێت و حەوت مەلەوانگە و شەش خلیسکێنی ئاوی تێدایە لەگەڵ ٤٠ چێشتخانە و هۆڵی دانیشتن، لەهەمانکاتدا کەشتییەکە دەتوانێت نزیکی ١٠ هەزار سەرنشین هەڵبگرێت.













گەلەری