سەردێڕ:

بەهۆی بومەلەرزەکەی سەری ساڵەوە؛ ژاپۆن زیاتر لە ١٧ ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە

PM:05:42:26/01/2024

1088 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی باڵای وڵاتی ژاپۆن رایگەیاند، پاش خەمڵاندنەکان دەرکەوت بومەلەرزەکەی رۆژی ١ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە کە گوڕەکەی ٧.٥ پلەی رێختەر بوو لە ئەنجامدا ٢٣٠ کەس گیانیان لەدەستدا، زیاتر لە ١٧ ملیار دۆلار زیانی هەبووە.


ئەمڕۆ هەینی، بەرپرسێکی باڵای ژاپۆن بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند، لەو کاتەی خەڵکی ژاپۆن پێیان نایە ساڵی نوێوە بومەلەرزەیەک لە پارێزگای ئیشاکاوا بە گوڕی ٧.٥ پلەی رێختەر روویدا و بەهۆیەوە ٢٣٠ کەس گیانی لەدەستدا.

باسی لەوەش کرد، پاش خەمڵاندنەکان دەرکەوت بومەلەرزەکە زیاتر لە ١٧ ملیار دۆلار زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتی روودانی بومەلەرزەکە لە بەشێک لە شارەکان پڕۆسەی ئاگادارکردنەوە و چۆڵکردن دەستیپێکرد لە ترسی دروستبوونی تسۆنامی، بەو پێیەی بەهۆی بومەلەرزەکەوە ئاستی ئاو لە ناوچەکەدا بۆ ٨٠ سانتیمەتر بەرزبووەوە و چەندین پاشەلەرزەی دیکەی دروستکرد.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١١ـدا لە باشووری رۆژهەڵاتی ژاپۆن تسۆنامیەک روویدا کە بەهۆیەوە ١٨ هەزار و٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و تێکڕای زیانەکانیش بە ١٧١ ملیار و٩٠٠ ملیۆن دۆلار خەمڵیندرابوو.













گەلەری