سەردێڕ:

فڕۆکەیەکی روسیا بە ٦٥ دیلی ئۆکرانیەوە کەوتە خوارەوە و سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا

PM:05:15:24/01/2024

1960 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سوپای روسیا لە ناوچەی بێلگۆرۆد کەوتووەتە خوارەوە و بەوهۆیەوە ٧٤ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٦٥ ـیان دیلی ئۆکرانی بوون و بەنیاز بوون لەگەڵ ئۆکرانیادا ئاڵۆگۆڕیان بکەن. دەسەڵاتدارانی روسیاش ئۆکرانیا تۆمەتبار دەکەن بە خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی جۆری ئێڵ-٧٦ لە ناوچەی بێلگۆرۆد لەکاتی گەشتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا کەوتە خوارەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی ئەو فڕۆکەیە ٦٥ دیلی ئۆکرانی گیانیان لەدەستدا لەگەڵ شەش ئەندامی تیمی فڕۆکەکە و سێ پاسەوان.

هاوکات، لەو بارەیەوە میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، دەسەڵاتدارانی روسیا ئۆکرانیا تۆمەتبار دەکەن بە خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە.

باس لەوەش دەکەن، روسیا دەیویست ئەو ٦٥ دیلە رادەستی ئۆکرانیا بکاتەوە، هەروەها لەسەر هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەش، تاوەکو ئێستا لەلایان دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیاوە هیچ لێدوانێک نەدراوە.

لە ٢٤ی مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ـەوە روسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، تا ئێستاش رووبەرووبوونەوەکان نێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە و بەپێی ئامارەکان نزیکەی ٥٠٠ هەزار سەربازی ئۆکرانیا گیانیان لەدەستداوە و روسیاش لەو جەنگەدا نزیکەی ١٠٠ هەزار سەربازی گیانیان لەدەستداوە، هاوکات سوپای روسیا لە هەوڵی بەردەومدایە بۆ ئەوەی زۆرینەی خاکی ئەو وڵاتە کۆنترۆڵبکات.














گەلەری