سەردێڕ:

گەرمیان.. بەهۆی تەقینەوەی مینەوە منداڵێک گیانی لەدەستدا

PM:03:32:23/01/2024

3768 جار خوێندراوەتەوە

لە گوندی عەلی میر لە گەرمیان منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ کە لەگەڵ باوکیدا بووە و کاری شوانییان کردووە، مینی پێدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، لە گوندی عەلی میر و سەر بە ناوچەی قۆرەتوو لە خانەقین، منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ لەگەڵ باوکیدا کاری شوانییان کردووە و مینی پێدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە دەستبەجی گیان لەدەستداوە.

لەوبارەیەوە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، بەمەبەستی توێکاری تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی کەلار و لە ئێستاشدا تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە. دەشڵێت، "لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچەیە لە مین."

باسی لەوەش کرد، جگە لە گیان لەدەستدانی ئەو منداڵە ٢٠ سەر ئاژەڵی تریش لە کاتی تەقینەوەی مینەکەدا بەهۆی پارچەی مینەکەوە مرداربوونەتەوە.

بەپێی ئاماری دەزگای گشتی کاروباری مینی هەرێم، ساڵی رابردوو دوو ملیۆن و ٨٠٣ هەزار و ٣٢٦ مەتر دووجا، ناوچە جیاجیاکانی هەرێم لە مین و پاشماوەی جەنگی پاککراوەتەوە و بەهۆی تەقینەوەی مینیشەوە ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٣ کەسی تریش برینداربوون.

گەرمیان حەمەی پور – گەرمیان













گەلەری