سەردێڕ:

رەنگە چیتر قسەکردن لەگەڵ ئاژەڵەکان ئەستەم نەبێت

PM:09:01:19/01/2024

1860 جار خوێندراوەتەوە

لە ماوەی رابردوودا چەند لێکۆڵینەوەیەک ئەوەیان دەرخست کە ئاژەڵان لە نێوان یەکتردا قسە دەکەن و هەروەها زمانی دەنگی و جوڵەی جەستەیی تایبەت بە خۆیانیان هەیە. لەوبارەیەشەوە زانایان لە ئەمریکا لەڕێگەی زیرەکی دەستکردەوە هەوڵدەدەن وەرگێڕان بۆ قسەی ئاژەڵەکان بکەن بۆ خوێندنەوەی رەفتاری ئاژەڵەکان و تێگەیشتن لێیان بە ئاسانی، بەتایبەت ئاژەڵە ماڵییەکان.


بەپێی بابەتێکی ماڵپەڕی "ئەلمەشهەد"، زانایان بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە قسەکردنی ئاژەڵەکانیان لەنێوان خۆیاندا بۆ پشتڕاست بووەتەوە، بۆ نموونە دۆلفینەکان بە ناوی یەکترەوە یەکتر بانگ دەکەن، هەروەها شەمشەمەکوێرەی دایک لەگەڵ بەچکەکانی قسە دەکات و فێری شتیان دەکەن.

لەڕێگەی زیرەکی دەستکردەوە؛ زانایان لە ئەمریکا کار لەسەر دروستکردنی ئەلگۆریتمێکی تایبەت دەکەن کە مەبەست لێی پڕۆسەیەکە لە چەند قۆناغێک پێکدێت، توانای وەرگێڕانی قسەی ئاژەڵانی هەبێت، ئەوەش لەڕێگەی کۆکردنەوەی داتاکان لە چەند سەرچاوەیەکەوە، وەک دانانی کامێرا لەسەر جەستەی ئاژەڵان یان دانانی کامێرا لە ئەشکەوت و دارستان و کەناری رووبارەکان.

پاش دروستکردنی ئەلگۆریتمەکان زانایان داتاکانیان لە سێرڤەری کۆمپیوتەرەکاندا هەڵگرتبوو، بۆ ئەوەی ئەلگۆریتمەکان بتوانن روونکردنەوە بۆ ئەو دەنگانە بدۆزنەوە کە بیستراون ئەوەش بە بەستنەوەیان بە رەفتار یان کاردانەوەی ئاژەڵەکە، هەروەها وەرگێرانی لۆژیکی بۆ ئەو دەنگانە دابین بکەن کە ئاژەڵەکان دروستیان دەکەن.

لەبەرامبەردا، ئەلگۆریتمەکان دەنگی تەقلیدیی ئاژەڵ و مێرووەکانیان دروستکرد کە فەرمانێکی دیاریکراوی لەخۆ گرتبوو، کاتێکیش لەسەر چەند هەنگێک تاقیکرایەوە، توێژەران بۆیان دەرکەوت هەنگەکان ئاماژە دەنێرن بۆ یەکتر وەک "بوەستە" یان "جوڵە بکە" یاخود "ئاگادار بە".

دواتر لەسەر هەنگێکی رۆبۆتیی ئاماژەکان تاقیکرانەوە و دەرکەوتووە لە رێگەی ئەو ئاماژانەوە هەنگەکە هەمان کاری هەنگە سروشتییەکانی کردووە و توانیویەتی هەمان فرمانەکان ئەنجام بدات.

بەوپێیەش دروستکردنی ئەو ئەلگۆریتمە لە داهاتوودا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ خوێندنەوەی رەفتاری ئاژەڵەکان و تێگەیشتن لێیان بە ئاسانی، بەتایبەت ئاژەڵە ماڵییەکان.

زانایان ئەو کارە لەژێر رۆشنایی پڕۆژەی جۆرەکانی زەوی کە بە "ESP"ناسراوە و بنکەکەی لە ویلایەتی کالیفۆڕنیایە لە ئەمریکا ئەنجام دەدەن کە ئامانجی کۆدکردنی پەیوەندییە نامرۆڤییەکانە.













گەلەری