سەردێڕ:

ئەڵمانیا یاسای ئاسانکاریکردن لە مەرجەکانی پێدانی رەگەزنامەی وڵاتەکەی پەسەند کرد

PM:08:37:19/01/2024

2624 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاویان کردەوە، لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەڵمانیاوە یاسایەکی نوێ بۆ بوون بە خاوەنی رەگەزنامەی ئەو وڵاتە پەسەند کراوە، کە بەپێی ئەو یاسایە کەسانی بیانی دوای پێنج ساڵ مانەوەیان لە ئەڵمانیا دەتوانن داوای رەگەزنامەی ئەو وڵاتە بکەن، لەکاتێکدا پێشتر پێویست بوو هەشت ساڵ بمێننەوە.


ئەمڕۆ هەینی، میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاویان کردەوە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەڵمانیا یاسایەکی پەسەند کرد کە مەرجەکانی بەدەستهێنانی رەگەزنامە ئاسان دەکات و ئەگەری هەڵگرتنی دوو رەگەزنامە فراوانتر دەکات.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەپێی ئەو یاسایە ئێستا کەسانی بیانی دوای پێنج ساڵ مانەوەیان لە ئەڵمانیا دەتوانن داوای رەگەزنامەی ئەو وڵاتە بکەن، لەکاتێکدا پێشتر دوای مانەوەی هەشت ساڵ دەتوانرا داوای رەگەزنامە بکرێت.

باس لەوەش کراوە، ئەو بیانیانەی کە دەستکەوتی ئەکادیمی یان پیشەیی ناوازەیان هەیە و لە رووی کۆمەڵایەتییەوە چالاکن و ئاستی زانینی زمانیان بەرزە، دوای سێ ساڵ دەتوانن رەگەزنامەی ئەڵمانیا بەدەستبهێنن.

ئەوەش خراوەتە روو، ئەو یاسایە رێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی ئەو منداڵانەی لە ئەڵمانیا لە دایک دەبن و دایک و باوکیان بیانین ببن بە خاوەنی دوو رەگەزنامە.

هاوکات نانسی فیزەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، چاکسازی لە دۆخی ئەڵمانیادا زۆر گرنگە و هەوڵدەدەن لەو رێگەیەوە کەسانی شارەزا و لێهاتوو رابکێشنە نێو وڵاتی ئەڵمانیاوە.

پڕۆژەیاساکە زیاتر لە سالێکە ئامادەکراوە و ئەمڕۆ لە کۆی ٦٣٩ ئەندام پەرلەمان ٣٨٢ ئەندام پەرلەمان دەنگیان بە بەڵی و ٢٣٤ ئەندام پەرلەمان دەنگیان بە نەخێر دا هاوکات ٢٣ ئەندام پەرلەمانیش بێ دەنگ بوون و بڕیاریشە لەدوای مانگی نیسانی ئەمساڵ بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. 


 













گەلەری