سەردێڕ:

پاکستان وەڵامی هێرشەکانی ئێرانی دایەوە و حەوت پێگەی ئەو وڵاتەی بۆردوومان کرد

AM:08:27:18/01/2024

34960 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای پاکستان لەرێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە حەوت پێگەی لەناو خاکی ئێراندا بۆردوومان کرد، وەزارەتی دەرەوەی پاکستانیش رایگەیاند، بۆردوومانەکە لە وەڵامی هێرشەکەی چەند رۆژی رابردووی ئێراندا بووە بۆ سەر خاکەکەیان کە دوو منداڵ بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا سوپای پاکستان لەڕێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە حەوت پێگەی ئێرانیان لە هەرێمی سیستان و بەلوچستان بۆردوومان کردووە و بەهۆیەوە حەوت ئەندامی گروپە چەکدارەکان گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بە ئاژانسی هەواڵی بی بی سی راگەیاندووە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکان و سنووربەزاندنی وڵاتەکەیان لەلایەن ئێرانەوە، کاتژمێر ٤:٣٠ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە رێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە حەوت پێگەی ئەو وڵاتەیان بۆردوومان کردووە.

لەلایەکی دیکەشەوە، عەلی رەزا مەرحەماتی پارێزگاری سیستان و بەلچوستان بۆ کاروباری ئاسایش بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوچەیەکی ئێران بیستراوە کە بەهۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا.

باسی لەوەش کرد، ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە سێ ژن و چوار منداڵن کە هیچیان بەرەگەز ئێرانی نین. دەشڵێت" لێکۆڵینەوەکانمان لەسەر هۆکاری بەزاندنی سنوری وڵاتەکەمان دەست پێ کردووە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاند، سوپای ئەو وڵاتە لە رێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، دوو بارەگای ئۆپۆزسیۆنی بەلوچەکانی ئێرانی لە پاکستان بۆردوومان کردووە لە هەمانکاتیشدا حکومەتی پاکستان لە وەڵامی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەیان بڕیاریداوە کە سەرجەم خاڵە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێراندا دابخات.


 













گەلەری