میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی بارانبارینی بەخوڕ لە ناوچەکانی باکوری شاری ریۆ دی جانیرۆ لە بەڕازیل ١٠ کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بێسەروشوێن بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بە تێكڕا ٢٠٠ ملم باران لە چەند ناوچەیەکی باکوری شاری ریۆ دی جانیرۆ باریوە و بەهۆیەوە باری نائاسایی لەو چەند ناوچەیەدا راگەیەنراوە.
میدیاکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، جگە لەوەی ١٠ کەس گیانیان
لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بێسەروشوێن بووە هاوکات نزیکەی ١٠ هێڵی پاس و ژمارەیەک
وێستگەی میترۆ داخراون.
هاوکات، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری رایانگەیاندووە،
٢٠٠ ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن و هاوکاریکردنیان لە ناوچەکەدا ئەنجامداوە.
لایخۆشییەوە، ئێدواردۆ پایس سەرۆکی شارەوانی شارەکە داوای
لە دانیشتوانی ناوچەکە کردووە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و خۆیان نەخەنە مەترسییەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەنتەری نیشتمانی بۆ چاودێریکردن و
ئاگادارکردنەوە لە کارەساتە سروشتییەکان هۆشداریدا لە رۆچوونی زەوی لە هەشت شارەوانی
ناوچەکە.