سەردێڕ:

ئۆکرانیا دەیەوێت جەنگەکەی لەگەڵ روسیادا کۆتایی پێبهێنن

PM:05:36:14/01/2024

3940 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری ئۆفیسی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، بڕیار وایە بۆ کۆتایی هاتن بە جەنگ و دانوستان لەگەڵ روسیادا پرۆژەی چوارچێوەی ئاشتی رابگەیەنن لە کۆربەندی داڤۆس کە سبەی لە سویسرا بەڕێوەدەچێت. حکومەتی سویسراش دەڵێت''هیوادارین ئاشتی هەمیشەیی بەرقەرارببێت لە ئۆکرانیا''.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەندری یەرماک بەڕێوەبەری ئۆفیسی سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا لە سویسرا رایگەیاند، لە ژێر ناوی چوارچێوەی ئاشتیدا پێشنیاریان کردووە کۆتایی بە جەنگ بهێنن لەگەڵ روسیادا و بگەنە دانوستان.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیارە ئەم هەفتەیە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس وتارێک پێشکەش بکات سەبارەت بە جەنگ لەگەڵ روسیادا.

هاوکات، حکومەتی سویسراش لەو بارەیەوە رایگەیاند، هیوادارن کۆڕبەندەکە ببێتە هۆکاری کۆتایی هاتنی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا و بەرپابوونی ئاشتی هەمیشەیی لە وڵاتەکەدا.

بڕیارە، سبەی ١٥ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ٥٤ـەمین کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس دەست پێبکات و چوار رۆژ دەخایەنێت، کۆڕبەندەکە بە بەشداری سەرۆک و نوێنەری ١٠٠ وڵاتی جیهان و زیاتر لە دوو هەزار نوێنەری پسپۆڕی ئابوری و تەندروستی بەڕێوەدەچێت.













گەلەری