سەردێڕ:

کانە خەڵوزەکانی چین بەردەوامن لە تەقینەوە؛ ١٠ کرێکار گیانیان لەدەستداوە

PM:03:55:13/01/2024

1100 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی خینهوای چین رایگەیاند، رۆژی رابردوو کانێکی خەڵوز لە پەکین تەقییەوە بەهۆیەوە ١٠ کەس گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش برینداربوون، دوای تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر توانرا جەستەکانیان دەربهێندرێتەوە. دەشڵێت، "لەماوەی ساڵێکدا ٩٦ کەس بەهۆی تەقینەوەی کانە خەڵوزەکانەوە گیانیان لەدەستداوە."


ئاژانسی هەواڵی خینهوای چین بڵاویکردەوە، رۆژی رابردوو ١٠ کرێکار لەکاتی کارکردن لە کانێکی خەڵوز لە دووری ٧٠٠ کیلۆمەتر لە پەکین گیانیان لەدەستدا دوای ئەوەی کانەکە تەقییەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی فریاگوزاری پاش تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر توانیویانە تەرمی ئەو ١٠ کرێکارە دەربهێنن و لەگەڵ شەش بریندار کە لە کانە خەڵوزەکەدا گیریان خواردبوو.

باسی لەوەش کرد، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا بەهۆی تەقینەوەی کانە خەڵوزەکانەوە ٣٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٠ کەسی دیکەش برینداربوون. دەشڵێت، "لەپێناو سەلامەتی کرێکارەکاندا سیستمی بەرگری و سەلامەتی لەلایەن تیمەکانی فریاگوزاری و چاودێری کانە خەڵوزەکان بەراورد بە ساڵی رابردوو باشترکراوە ".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٣ـدا بەهۆی تەقینەوەی کانە خەڵوزێک لە باکوری چین ٥٣ کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسی دیکەش کە ژمارەیان نەزاندراوە لە کانەخەڵوزەکەدا مانەوە و بە گوێرەی ئامارەکانیش لەماوەی ئەو ساڵەدا ٩٦ کەس گیانیان لەدەستداوە.













گەلەری