سەردێڕ:

پەروەردەی گەرمیان بۆ بەڕێوەبەرەکان: ناوی ئەو مامۆستایانەمان بۆ بنێرن کە ئامادە نین دەوام بکەن

AM:10:49:13/01/2024

20680 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان نووسراوێکی بۆ سەرجەم پەروەردەکانی ئەو سنوورە ناردووە و داوا دەکات، ناوی ئەو مامۆستایانە بنێردرێت بۆ پەروەردە کە ئامادەی دەستپێکردنەوەی دەوام نین.


لە نووسراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان ئاماژەی بەوەکردووە، نووسراوی ئاساییکردنەوەی دەوام و دەستپێکردنەوەی دەوام و کەمکردنەوەی پڕۆگرامەکان نێردراوە بۆ سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن، پێویستە دەرگای قوتابخانەکان بەڕووی قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایاندا بکرێتەوە.

ئەوەش هاتووە، "ئاگاداری سەرجەم بەڕێوەبەرەکانیش دەکەینەوە رێکاری یاسایی و کارگێڕی دەگیرێتەبەر لەسەر ڕۆشنایی ئەم خاڵانەی خوارەوە":

یەکەم: پێویستە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە پەیجی فەرمی قوتابخانەکانیانەوە ئاگاداری قوتابیان بکەنەوە کە دەوامی فەرمی لەمڕۆوە دەستی پێکردووە.

دووەم: لە گروپی تایبەتی مامۆستایانی قوتابخانەکانتان خشتەی ڕۆژانەی وانەکان دابنێن و ئاگاداری مامۆستایان بکرێت بۆ پابەندبوون بەدەوام .

سێیەم: ئەو بەڕێوەبەر و یاریدەدەرانەی ئامادەنین بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام یاداشتێک بنووسن بەمەبەستی ئاگادار بوونمان.

چوارەم: ئەو مامۆستایانەی ئامادەنین دەوام بکەن بە لیستێک ناوەکانیان بنێردرێت بۆ پەروەردەکان.

پێنجەم: ئەو مامۆستا وانەبێژانەی ئامادەنین بۆ دەوام بە لیستێک ناوەکانیان بنێردرێت بۆ پەروەردە .

شەشەم: سەرجەم سەرپەرشتیارەکان راسپێردراون سەردانی ناوەندەکانی خوێندن بکەن بۆ بەدواداچونی دەستپێکردنەوەی دەوام .

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە مانگی ئەیلوولەوە خوێندنی ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ لە هەرێم دەستیپێکردووە، بەڵام لە چەندین ناوچەی هەرێم هێشتا دەوام نەکراوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی خوێندکارانی پۆلی ١٢ و ٩ تاقیکردنەوەی نیشتیمانیان هەیە.
لە ١٩ی مانگی ١٠ی سای رابردووشدا، وەزیری پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، دەبێت یەکشەممەی داهاتوو واتە ٢٢ی ١٠ مامۆستایان بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن. بەدوای ئەو لێدوانەی وەزیری پەروەردە خۆپیشاندانی مامۆستایان فراوانتر بوو و باسیان لەوەدەکرد، "لەبری چارەسەری کێشەکانمان بە دەبێت قسەمان لەگەڵ دەکەن"، هەر بەهۆی ئەو لێدوانەوە خوێندکارانیش هاتنە سەر شەقام و بەدەر لە داواکاری خۆیان کە داوایان لە حکومەت دەکرد مشووری خوێندن و داهاتوویان بخوات، پشتگیری داوای مامۆستاکانیشیان دەکرد.

ماوەی چوار مانگە خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوامە، دوای چوار مانگ لە نووسراوێکدا حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیان، بڕیار دراوە دوای هەمواری یاسای بودجە، پلە بەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە و وانەبێژان بکرێنە گرێبەست. کە ئەوەش جارێکی دیکە ناڕەزایەتی مامۆستایانی لێکەوتەوە و باس لەوەدەکەن، حکومەتی کاربەڕێکەر مەبەستی چارەسەرکردی کێشەکانیانی نییە.

هـ.ئـ

 













گەلەری

‌بەپەلە