سەردێڕ:

لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا بەکارهێنانی وزەی پاک بە رێژەی ٥٠٪ زیادی کردووە

PM:10:20:11/01/2024

1148 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی وزەی جیهانی رایگەیاند، ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ خواستی بەکارهێنانی وزەی پاک بە رێژەی ٥٠٪ زیادی کردووە و ئەو زیادکردنەش بە بازدانێکی مێژووی ناو دەبەن. دەشڵێت، " لە ساڵی رابردوودا چین بەسوود بینین لە تۆرباینی هەوایی رێژەی زیاتر لە ٦٠٪ـی وزەی کارەبای وڵاتەکەی دابین کردووە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی وزەی جیهانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ساڵی رابردوو وڵاتانی جیهان بەگشتی سودیان لە بەکارهێنانی وزەی پاک بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا وەرگرتووە بەوهۆیەشەوە بەکارهێنانی وزەی پاک لە جیهاندا بەرێژەی ٥٠٪ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ زیادی کردووە و کارەبای بەرهەمهاتوو گەیشتووەتە ٥٠٧ گێگاوات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ساڵی رابردوودا وەک سەرچاوەی وزەی پاک؛ وزەی خۆر پێشەنگ بووە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٨ شانبەشانی با بە رێژەی ٩٦٪ بەکارهێنانیان زیاد بکات.

ئەوەشی خستووەتە روو، چین بەسوود بینین لە تۆرباینی هەوایی رێژەی زیاتر لە ٦٠٪ـی وزەی کارەبای وڵاتەکەی دابین کردووە لە ساڵی رابردوودا، وتیشی، "وڵاتانی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو روویان کردووەتە بەکارهێنانی وزەی پاک".

بەگشتی پێشبنینی دەکرێت لە چەند ساڵی داهاتوودا بۆ رووبەروبوونەوەی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەش و هەوا وڵاتانی جیهان بەشێوەیەکی بەرفراوان رووبکەنە بەکارهێنانی وزە نوێبووەوەکان.













گەلەری