سەردێڕ:

کونسوڵی گشتیی ئەمریکا: هاوکارییەکانمان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە

PM:05:38:11/01/2024

1140 جار خوێندراوەتەوە

کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە هاوکارییەکانیان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی ببێت بە هێزێکی یەکگرتوو. وەزیری پێشمەرگەی هەرێمیش دەڵێت، "چاکسازیەکانمان لە وەزارەتی پێشمەرگەدا بەردەوامی هەیە و هەموو هەوڵێک دەدەین هێزەکانی پێشمەرگە بکەین بە هێزێکی نیشتیمانی".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کرد و لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەدا کۆبوونەوە و باسیان لەدواین هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد.

لە بارەی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کونسوڵی گشتی ئەمریکا راشیگەیاند، پاڵپشتی تەواوەتی پڕۆسەکە دەکەن و لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ببێت بە هێزێکی یەکگرتوو. وتیشی،" هاوکار و هەماهەنگ دەبین بۆ ئەوەی پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەسەرکەوتووی تەواو ببێت".

هاوکات وەزیری پێشمەرگە جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی ئەمریکا هەمیشە پشتیوانیان بووە بۆ ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ببێتە سوپایەکی یەکگرتووی تۆکمەی سەردەمیانە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لەچەند رۆژی رابردوودا پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی رایگەیاند، بەهۆی ئەو گرژیانەوە کە رێگربوون لەبەردەم یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا، ئەمریکا بڕیاری داوە ئەو پارەیەی مانگانە خەرجی دەکات بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە ٢٠ ملیۆن دۆلارەوە کەمی بکاتەوە بۆ ١٥ ملیۆن دۆلار.













گەلەری