سەردێڕ:

چی بووە هۆی ئەوەی باڵەخانە هەوربڕەکانی ژاپۆن لە ئاست بومەلەرزە خۆڕاگربن؟

PM:02:44:03/01/2024

2496 جار خوێندراوەتەوە

بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٤پلەی رێختەر کە بەهۆیەوە ٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا، بووە یەکەمین پێشوازیکەری ساڵ بۆ ژاپۆنییەکان، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی میدیا جیهانییەکان بوو پتەوی باڵەخانە هەوربڕەکانی ئەو وڵاتە بوو کە هەندێکیان هیچ زیانیان بەر نەکەوت و ئەوانەشی زیانیان بەرکەوتووە زیانەکەیان سادەیە.


رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەلە پارێزگای ئیشاکاوای ژاپۆن بومەلەرزەیەکی بەهێز روویدا و لە روسیا و کۆریای باشور هەست بە بومەلەرزەکە کراوە و ترسی دروستبوونی تسۆنامی دروستبوو، چونکە ئاستی ئاو لە ناوچەکەدا بۆ ٨٠ سانتیمەتر بەرزبووەوە و پاش هەشت خوولەک بومەلەرزەیەکی تر کە گوڕەکەی گەیشتە ٦.٥ پلە بە پێوەری رێختەر دروستبووەوە و بەهۆیەوە لە بەشێک لە شارەکان پرۆسەی ئاگادارکردنەوە و چۆڵکردن دەستیپێکرد.

هاوکات، ئەوەی بووە جێگەی سەرنجی میدیاکان، بوومەلەرزەیەک بەو گوڕە بەهێزە لە هەر وڵاتێکی دیکە روویبدایە لە چاو ژاپۆنەوە قوربانییەکی زۆرتری لێدەکەوتەوە، تەنانەت باڵەخانە و خانووەکانی ناوچەکە لە کاتێکدا لەسەر چەقی بومەلەرزەکە بوون کەمترین زیان یاخود هەندێکیان هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.

بە پێی ئاژانسە جیهانیەکان، سیستەمی راگری و وەڵامدانەوەی سپرینگی لە دژی بوومەلەرزە لە ژاپۆن لە پێش هەموو وڵاتانەوەیە و دەیان ساڵە هەیە کە هۆکاربووە بۆ خۆڕاگری باڵەخانە هەوربڕەکان.

بەو پێیەی ژاپۆن لەسەر یەکێک لەهێڵە سەرەکییەکانی بوومەلەرزەیە، ناسراو بە ''ئەڵقەی ئاگری زەریای هێمن'' و لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە حکومەتی ژاپۆن بڕیاریدا، رێوشوێنەکانی بیناسازی تووندتر بکاتەوە بۆ ئەوەی بیناسازەکان ناچار بکات لە کاتی دروستکردنی باڵەخانەکاندا سیستەمێکی نوێ بەکار بهێنن بۆ ئەوەی بوومەلەرزە کەمترین زیان لە باڵەخانەکانیان بدات، بەو پێیەی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دروستکردنی باڵەخانەکان رووی لە زیادبوون کرد بە شێوەیەک خاوەنی نهۆمی زیاتر بن و بەرزتربن، بۆیە هەموو تواناییەکی بیناسازیان خستووتەگەڕ بۆ ئەوەی روبەڕووی کارەساتی مرۆیی گەورە نەبنەوە.

گرینگترین ستانداردەکانی دروستکردنی باڵەخانە لە ژاپۆن سیانن:

یەکەم؛ سیستەمی( تایشین)ـە کە لەم سیستەمەدا ستون و دیواری باڵەخانەکان کەمترین ئەستوریان هەیە بۆ ئەوەی کەمترین لەرزینیان هەبێت.

دووەم؛ سیستەمی ( سایشین)ـە ئەم سیستەمە لە رێگەی چەند ستونێکەوە وا لەباڵەخانەکان دەکات کەمترین لەرەیان هەبێت و رێگری دەکات لەوەی لەرەی بومەلەرزەکە نهۆمی یەکەم تێپەڕێنێت بۆ نهۆمی دوای خۆی.

سێیەم؛ سیستەمی ( مێنش ئێن یەک)ـە وادەکات باڵەخانەکە بەشێوەیەکی سەربەخۆیانە و بەهێواشی بجوڵێتەوە لە کاتی رودانی بەهێزترین بوومەلەرزەشدا بەناوبانگترین و سەرکەوتووترین سیستەمە لە ژاپۆن کە بەکاردێت بۆ پاراستنی باڵەخانەکانیان لە بومەلەرزە.

هەرسێ سیستمە بیناسازییەکە لە ژاپۆن سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و لەچاو سیستەمەکانی دیکەدا تێچووەکەی زیاترە،بەڵام لە ئێستادا زۆرینەی باڵەخانە هەوربڕەکانی ژاپۆن ئەم سیستەمە لەخۆ دەگرن، ئەمەش بووتە هۆی ئەوەی ئەم ئەزموونە بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان بگوازرێتەوە.













گەلەری