سەردێڕ:

ئێڵ جی کۆمپیوتەرێک بەرهەمدەهێنێت بەبێ هەبوونی ئینتەرنێت کار بە زیرەکی دەستکرد دەکات

PM:03:58:29/12/2023

1616 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای ئێڵ جی رایگەیاند، کۆمپیوتەرێکی نوێ بە ناوی ئێڵ جی گرام پڕۆ ٢٠٢٤ دەخەنە بازاڕەوە کە چەند تایبەتمەندییەکی بەرز لەخۆدەگرێت و نرخەکەی لە دوو هەزار دۆلارەوە دەست پێدەکات.


ئەمڕۆ هەینی، کۆمپانیای ئێڵ جی رایگەیاند، کۆمپیوتەرێکی دەستی نوێیان بەرهەمهێناوە بە ناوی ئێڵ جی گرام پڕۆ کە چەندین تایبەتمەندی پیشکەوتوو لەخۆدەگرێت و پڕۆسێسەری ئینتێڵی نەوەی ١٤ـەمی لەسەر جێگیرکراوە.

باسی لەوەش کرد، ئەو کۆمپیوتەرانە پڕۆسێسەری ئینتێڵ کۆر ٧ی ئەڵترایان لەسەر جێگیرکراوە و لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆسێشەرێکی دیکەی تێدا جێ کراوەتەوە کە تایبەتە بە ئەنجامدانی کارەکانی زیرەکی دەستکرد بەبێ پێوسیتکردن بە بەستنەوەی کۆمپیوتەرەکە بە ئینتەرنێتەوە.

ئەوەشی خستەروو، کۆمپیوتەری ئێڵ جی گرام پڕۆی ٢٠٢٤ شاشەیەکی بە قەبارەی ١٦ ئینج و بە کوالێتی ٢٨٨٠x١٨٨٠ پێکسڵی ١٤٤ هێرتزی لەسەر داندراوە و هەروەها کارتی شاشەی نیڤیدیا ئاڕ تی ئێکس ٣٠٥٠ لەخۆدەگرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپوتەرەکە شێوەیەکی باریک و رێکی هەیە و ١٢.٤ ملم ئەستوورە و کێشی کۆمپوتەرەکە دەگاتە ١.١٩ کیلۆگرام و کۆمپیوتەرەکە دوو فێنککەرەوە لەخۆدەگرێت و سیستەمی ساردکردنەوەی بۆ زیادکراوە بۆ پاراستنی کوالێتی بەرز لە کارکردندا تەنانەت لەکاتی بەڕێوەبردنی بەرنامە قورسەکاندا.

ئەوەش هاتووە، کۆمپیوتەرە نوێیەکانی کۆمپانیاکە لە نرخی دوو هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکەن و بەپێی تایبەتمەندییەکانی بەرهەمەکان نرخی بەرهەمەکانیان جیاواز دەبێت و تا تایبەتمەندی زیاتر بێت نرخێکەکەی دەگۆڕێت.













گەلەری