سەردێڕ:

بۆچی بەم دواییانە ئەڵمانیا زۆرترین کۆچبەری عێراقی دەنێرێتەوە؟

PM:08:01:28/12/2023

3464 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەیەکی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، حکومەتی ئەڵمانیا و عێراق رێکەوتنێکی نهێنییان سەبارەت بە ناردنەوەی کۆچبەرە عێراقییەکان واژۆ کردووە و عێراق ئامادەیی تەواوەتی خۆی بۆ وەرگرتنەوەی کۆچبەرەکان دەربڕیوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، رۆژنامەی 'زویچۆ زەتایتنگ'ـی ئەڵمانی بڵاویکردووەتەوە، ئەڵمانیا و عێراق لەسەر ناردنەوەی کۆچبەرە عێراقییەکانی ئەڵمانیا رێکەوتوون، بەم هۆیەشەوە ناردنەوەی کۆچبەرە عێراقییەکان بەم دواییانە گەیشتوەتە لوتکە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەرپرسانی ئەڵمانیا و عێراق لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئامانجە هاوبەشەکانیان و رێکخستنی پرسی کۆچبەرانی عێراقی کۆبوونەتەوە.

ئەوەش خراوەتە روو، عێراق نەک تەنها رەزامەندی دەربڕیوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە تاوانیان ئەنجامداوە، بەڵکو رازیشبووە بە وەرگرتنەوەی ئەو کۆچبەرە کوردە ئێزیدیانەی بەهۆی جەنگی داعشەوە ئاوارەی ئەڵمانیا بوون.

باس لەوەش کراوە، عێراق ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی هەموو بەڵگەنامەکانی ئەو کۆچبەرانەی داوای مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا دەکەن کە ئەمەش دەبێتە یارمەتیدەرێکی باش بۆ حکومەتی ئەڵمانیا تاوەکو بڕیاری ناردنەوە یان نەناردنەوەی کۆچبەرەکان بدات.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆی ئەوەی رێکەوتنەکە بە شێوەیەکی نهێنی ئەنجام دراوە تاوەکو ئێستا زانیاری ورد و ناوەڕۆکی رێکەوتنەکە بەنادیاری ماوەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لەم مانگەدا حکومەتی ئەڵمانیا بە دوو فڕۆکەی تایبەت ٧٥ کۆچبەری عێراقی بۆ فڕۆکەخانەی بەغداد ناردەوە و راشیان گەیاند، ناردنەوەی پەنابەرە عێراقییەکان بەردەوامی دەبێت.













گەلەری