سەردێڕ:

ئۆکرانیا: کەشتیەکی جەنگی روسیامان تێکشکاند

PM:11:15:26/12/2023

2528 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا رایگەیاند، هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی کەشتیەکی جەنگی روسیای لە بەندەری کریمیا کردووەتە ئامانج و تێکیشکاندووە. وەزارەتی بەرگری روسیاش دەڵێت، لە هێرشەکەدا سەربازێکیان گیانی لەدەستداوە و چوار سەربازیشیان برینداربوون.


ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا رایگەیاند، هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی لە درەنگانی شەوی رابردوودا کەشتی جەنگی نۆڤۆچێرکاسکی لە بەندەری کریما لە دەریای رەشدا کردووەتە ئامانج و توانیویانە تێکیبشکێنن.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی بەرگری روسیا بەئامانجگرتنی کەشتییەکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکەدا، سەربازێکی روسی گیانی لەدەستاوە و چوار سەربازی دیکەش برینداربوون.

نزیکی دوو ساڵە جەنگی نێوان ئۆکرانیا و روسیا بەردەوامی هەیە، بە پێی داتاکانی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا لە سەرەتای جەنگەکەوە، تاکو ئێستا هێزەکانیان ١٥ کەشتی جەنگی روسیایان تێکشکاندوە و زیانیان بە ١٣ کەشتی تری جەنگی ئەو وڵاتە گەیاندووە.


 













گەلەری