سەردێڕ:

لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ پەسەند کرد

PM:07:52:26/12/2023

1416 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا رەزامەندی لەسەر بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ پیشانداوە و تەنها دەنگدانی پەرلەمان و دواتر واژۆی سەرۆک کۆماری تورکیا ماوە بۆ بەیاسابوونی ئەو بڕیارە.


ئەمڕۆ سێشەممە، میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا رەزامەندی لەسەر بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ پیشانداوە و هەنگاوی دواتر دەنگدانی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی تورکیایە لەسەر بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، رەنگە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا دەنگدانی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی تورکیا ئەنجام بدرێت، دوا بە دوای ئەوەش ئەگەر ئەندامێتی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە پەسەند کرا، رەجەب تەیب ئەردۆغان واژۆی لەسەر دەکات و دەبێتە یاسا.

ئەمڕۆ، پەرلەمانی تورکیا دەستی کرد بە گفتوگۆکردن لەسەر داواکارییەکەی سوید بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لە ناتۆ، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆک کۆماری تورکیا پرسی بەئەندامبوونی سویدی لە ناتۆ بەستەوە بە داواکردنی فڕۆکەی ئێف-١٦ لە ئەمریکا.

ماوەی ١٩ مانگە سوید داواکاری بۆ بەئەندامبوونی لە ناتۆ پێشکەش کردووە و پرسی بەئەندامبوونی تاوەکو ئێستا بەستراوەتەوە بە رەزامەندی هەردوو وڵاتی تورکیا و هەنگاریا کە تاکە دوو وڵاتی ئەندامی ناتۆن کە داواکارییەکەی سویدیان پەسەند نەکردووە.













گەلەری