PM:09:11:21/12/2023
2180 جار خوێندراوەتەوە
پۆلیسی چیک رایگەیاند، بەهۆی رووداوێکی تەقەکردنەوە لە زانکۆیەکی پایتەختی ئەو وڵاتە چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون، هاوکات میدیا جیهانیەکانیش باس لە گیان لەدەستدانی زیاتر لە ١٥ کەس و برینداربوونی ٣٠ کەس دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەمە، پۆلیسی چیک رایگەیاند، چەکدارێک لەسەربانی یەکێک لە کۆلێژەکانی زانکۆی چاڕڵز لە شاری براگی پایتەختی وڵاتی چیک دەستی بە تەقەکردن کردووە و پێش ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە بوەستێنرێت چەند کەسێکی کوشتووە و بریندارکردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو چەکدارە لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە و تا ئێستا دڵنیا
نین لە هەبوونی چەکداری دیکە بۆیە داوا لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەکەن لە ماڵەکانیان
بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە.
لایخۆشیەوە، میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن، لە ئەنجامی ئەو هێرشە چەکدارییەدا
بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان لانیکەم ١٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٠ کەسیش برینداربوونە.
هاوکات، وردەکاری رووداوەکە و هۆکارەکەی تا ئێستا نەزانراوە و پۆلیسی ئەو وڵاتەش
تا ئێستا دەرئەنجامی وردی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە
ئاشکرا نەکردووە.