سەردێڕ:

ئایسلەندا؛ بەهۆی تەقینەوەی گڕکانەوە چوار هەزار کەس ئاوارەبوون

PM:11:36:19/12/2023

1928 جار خوێندراوەتەوە

گڕکانێک لە هەرێمی رێکنەس لە ولاتی ئایسلەندا تەقییەوە و بەو هۆیەوە زیاتر لە چوار هەزارکەس ئاوارەبوون، تاکو ئێستاش گڕکانەکە بە چالاکی ماوەتەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، دوای ئەوەی بەهۆی چالاکبوونی گڕکانێک لە هەرێمی رێکنەس بۆ ماوەی هەفتەیەک زنجیرەیەک بوومەلەرزە رویدا لە رۆژی رابردوو گڕکانەکە چالاک بووە و لە ئەمڕۆدا چالاکییەکانی گەیشتە لوتکە و تەقیوەتەوە.

ئاماژەیان بەوەش کرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان هەر زوو هۆشداریان داوە لە تەقینەوەی گڕکانەکە و لە مانگی رابردوودا چوار هەزار دانیشتوی شاری گراندیڤیکیان بۆ ناوچەکانی تری ئەو هەرێمە گواستووەتەوە.

ئەوەشیان خستووەتە روو، بەهۆی گڕتاوی گڕکانەکەوە تەواوی ئاسمانی ئەو ناوچەیە سور هەڵگەڕاوە و لە دوری ٤٢ کیلۆمەترەوە دەتواندرێت گڕکانەکە ببیندرێت.

ساڵی ٢٠١٠ زنجیرەیەک گڕکان لە ئایسلەندا تەقینەوە و بەوهۆیەوە دووکەڵێکی رەش بە تەواوی ئاسمانی ئەوروپادا بڵاو بوویەوە و بۆ ماوەی هەشت رۆژ هیچ گەشتێکی ئاسمانی لە وڵاتانی ئەوروپادا ئەنجام نەدرا و هاتوچۆی زیاتر لە ١٠ ملیۆن سەرنشین پەکی کەوت.













گەلەری