وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل رایگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە ژمارەی بریندارەکان زیاتر لە ١٠ هەزار کەسە. هاوکات وەزارەتی تەندروستی غەززەش دەڵێت " ژمارەی گیان لەدەستدان گەیشتووەتە ١٨ هەزار و ٨٠٠ کەس".
ئەمرۆ یەکشەممە، وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل بە ئاژانسی هەواڵی ئیسرائیل١٢ـی راگەیاند، پاش تێپەربوونی ٧١ رۆژ بەسەر گرژی وئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل زیاتر لە ١٠ هەزار کەس برینداربووە و لەو رێژەیەش شەش هەزار و ١٢٥ کەسیان سەربازن.
ئاماژەی بەوەش کرد، کەرتی تەندروستی دووچاری ئاستەنگی بووەتەوە و دوو هەزار
و پێنج کەس بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پزیشکییەوە دەناڵێنن، و لە هەمان کاتدا بەرپرسێکی
سوپای ئیسرائیل دەڵێت" لە سەرەتای جەنگەوە ٤٣٦ سەرباز گیانیان لەدەستداوە".
لای خۆشییەوە، وەزارەتی تەندروستی غەززە بە ئاژانسی هەواڵی سکای نیوزی راگەیاند،
بەهۆی بەردەوامی گرژیی و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە ژمارەی گیان لەدەستدان بەرزبووەتەوە
بۆ ١٨ هەزار و ٨٠٠ کەس لەو رێژەیەش هەشت هەزاریان منداڵن.
باسی لەوەش کردووە، جگە لە گیان لەدەستدان زیاتر لە ٥١ هەزار کەس بریندارن
و بەهۆی کەمبوونەوەی هاوکارییە تەندروستییەکان
بریندارەکان لە دۆخێکی سەختدان.
ئەوەشی خستە روو، دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس بەهۆی نەبوونی خواردن و خواردنەوە
و پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو دووچاری نەخۆشی دەبنەوە و تا ئێستاش زیاتر لە ٣٢٥ هەزار
حاڵەتی نەخۆشی لە ناوەندە تەندروستییەکان تۆمارکراوە.
لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل
جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و لە هەردوولا بە هەزاران کوژراو و
بریندار هەیە