سەردێڕ:

بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان؛ ٦١ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا

AM:09:37:17/12/2023

1800 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە لیبیا رایگەیاند، بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی لیبیا ٦١ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.


ئەمڕۆ یەکشەممە، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە لیبیا، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی لیبیا ژێر ئاو کەوتووە کە ٨٦ کۆچبەری تێدا بووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەو ژمارەیە ٦١ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و ٢٥ کۆچبەریان رزگارکراون و رەوانەی ناوەندێکی دەستبەسەرکردن لە پایتەختی لیبیا کراون.

باسی لەوەش کرد، زۆرینەی کۆچبەرەکان خەڵکی نەیجیریا و گامبیا و وڵاتانی دیکەی ئەفریقا بوون کە هەوڵیان داوە لە رێگەی کەناراوەکانی لیبیا بۆ ئیتاڵیا بپەڕنەوە.

هاوکات، وتەبێژی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە دەریای ناوەڕاست رایگەیاند، لەئەمساڵدا زیاتر لە دوو هەزار و ٢٥٠ کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر پاسەوانی نیشتمانی تونس رایگەیاندبوو، لەمساڵدا نزیکەی ٧٠ هەزار کۆچبەریان دەستگیرکردووە، کە هەوڵیانداوە لە دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو ئیتاڵیا بپەڕنەوە.













گەلەری