سەردێڕ:

بۆ زیندووکردنەوەی ئاگربەست؛ بڕیارە ئیسرائیل و قەتەڕ کۆببنەوە

PM:05:17:16/12/2023

1716 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بڕیارە بەرپرسانی ئیسرائیل و قەتەڕ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج کۆببنەوە تا دووبارە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل زیندوو بکەنەوە.


ئەمڕۆ شەممە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بڕیارە محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆک وەزیرانی قەتەڕ، لەگەڵ دەیڤید بارنیا بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج کۆببنەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە پرسی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەپێناو ئازادکردنی بارمتەکانی ژێر دەستی هەردوولا هاوشێوەی ئاگربەستی پێشوو.

ئەوەشی خستووتە روو، ئەو بەربەستانەی کە رەنگە ببنە هۆی رێکنەکەوتن لەسەر ئاگربەست، ناکۆکییەکان دەبێت لەسەر مەرجەکانی حەماس.

لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی دووەمدا حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری میسڕ و قەتەڕ لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە رێککەوتن کە دواتر درێژکرایەوە بۆ هەفتەیەک و لەو ماوەیەدا حەماس زیاتر لە ١٠٠ ژن و منداڵی بارمتەی ئازادکرد بەرامبەر بە ٣٤٠ بارمتەی فەڵەستینی کە لە ژێر دەستی ئیسرائیلدا بوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و لە هەردوولا بە هەزاران کوژراو و بریندار هەیە.













گەلەری