سەردێڕ:

بۆ پێنجەمین رۆژ دوای ئاگربەست؛ ژمارەی گیان لەدەستدان لە غەززە ١٦ هەزاری تێپەڕاند

PM:11:49:05/12/2023

1388 جار خوێندراوەتەوە

لە دوای کۆتایی هاتنی ئاگربەستەوە، بۆ رۆژی پێنجەم جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و گرژییەکان فراوانتر دەبن و بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە ژمارەی گیان لەدەستدان بۆ ١٦ هەزار و ٢٤٨ کەس بەرزبووەتەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەرەو پەرەسەندنی زیاتر هەنگاو دەنێت و رێژەی گیان لەدەستدان و برینداربوون بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بەرەو رێژەیەکی بەرزتر هەڵدەکشێت.

هاوکات، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، لە ٧ـی تشرینی یەکەم سەرەتای سەرهەڵدانی گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل تاوەکو ئێستا ١٦ هەزار و ٢٤٨ کەس لە کەرتی غەززە گیانان لەدەستداوە، کە ٧٠٪یان ژن و منداڵن و زیاتر لە ٤٠ هەزار کەسیش برینداربوون.

لای خۆیەوە بەرپرسێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە غەززە باسی لەوە کرد، بارودۆخی کەرتی غەززە هەر کاتژمێرێک خراپتر دەبێت لە کاتژمێری پێش خۆی لە کاتێکدا ئیسرائیل بۆردومانەکانی بۆ باشوور لە دەوروبەری شارەکانی خان یونس و ڕەفەح چڕتر دەکاتەوە.

لە هەمان کاتدا سوپای ئیسرائیل کوژرانی دوو سەربازی دیکەی لە کاتی شەڕەکانی کەرتی غەززە راگەیاند، بەمەش ژمارەی ئەو سەربازانەی ئیسرائیل سەرەتای جەنگەوە کوژراون گەشتە ٤٠٦ سەرباز.

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردوە و لە هەردوولا بە هەزاران کوژراو و بریندار هەیە.













گەلەری