سەردێڕ:

حەماس: بەهۆی پابەندنەبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەستەوە ئاڵوگۆڕی دیلەکان دوادەخەین

PM:07:55:25/11/2023

4680 جار خوێندراوەتەوە

بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوونی ئیسرائیل بە رێککەوتنی نێوانیان، ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان دوادەخەن تا ئەوکاتەی ئیسرائیل رێگە بە چوونە ژوورەوەی هاوکارییەکان دەدات بۆ باکووری غەززە.


ئەمڕۆ شەممە، بزوتنەوەی حەماس لە راگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل پابەند نەبووە بە رێککەوتنی نێوانیان بەوپێیەی رێگەی نەداوە هاوکارییە مرۆییەکان رەوانەی باکووری غەززە بکرێن.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆی پابەندنەبوونی ئیسرائیل بە رێککەوتنی نێوانیان، ئاڵوگۆڕی بارمتەکان دوادەخرێت تاوەکو ئەو کاتەی ئیسرائیل رێگە دەدات بە چوونە ژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ باکووری غەززە.

ئەوەشی خستووەتە روو، ئیسرائیل پێشێلکارییەکی زۆری لە بڕگەکانی رێککەوتنی نێوانیان کردووە بەتایبەت ئەو بڕگانەی پەیوەستن بە چوونە ژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.

وتیشی، " پابەندنەبوونی ئیسرائیل بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە مەترسی لەسەر ئاگربەستی نێوانیان دروستدەکات."

بڕیار بوو ئەمڕۆ کە دووەم رۆژی ئاگربەستە، حەماس ١٤ بارمتەی ئیسرائیل بەرامبەر بە ٤٢ بارمتەی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد بکات.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، رۆژی رابردوو ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ماوەی چوار رۆژ دەستی پێکرد و لە یەکەم رۆژی ئاگربەستدا، حەماس ١٣ بارمتەی ئیسرائیلی و ١١ بارمتەی بیانی بەرامبەر بە ٣٩ بارمتەی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازادکرد.

ئەمە لە کاتێکدایە، جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.


 













گەلەری