سەردێڕ:

بەرپرسانی هەرێم لەبارەی وادەی دابەشکردنی مووچەوە چی دەڵێن؟

AM:10:12:21/11/2023

30876 جار خوێندراوەتەوە

یاریده‌ده‌ر و وتەبێژی حكومه‌تی کاربەڕێکەری هەرێم سەبارەت بە پرسی دابەشکردنی مووچە رایانگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا بەردەوامە و داوایان کردووە سێ ٧٠٠ ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێم بنێردرێت. وا بڕیاریشە، کۆتایی ئەم مانگە بەغدا کۆتا گوژمەی رێککەوتنەکە بۆ هەرێم بنێرێت و مووچەی مانگی ٩ی پێدابەشبکرێت.


پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی کاربەرێکەری هەرێم رایگەیاند، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بەغدا ٧٠٠ ملیار دینار دەنێرێت و لەگەڵ گەیشتنیدا دەست بە ئامادەکاری دابەشکردنی موچە دەکرێت.

لای خۆشییەوە، رێباز حەملان یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، کۆتایی ئەم مانگە بەغدا ٧٠٠ ملیار دینار دەنێرێت و بۆ مووچەی مانگی نۆ بەکاری دەهێنن و بۆ ساڵی ٢٠٢٤ـیش کێشەی مووچەخۆران چارەسەر دەکەن.

باسیان لەوەشکردووە، لیستی موچە ئامادەیە لەگەڵ گەیشتنی کۆتا گوژمەی ٧٠٠ ملیار دینارەکەدا لە نێوان رۆژی ٢٢ بۆ ٣٠ ئەم مانگە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، بەڵام ئەگەر دوا بکەوێت ئەوە دابەشکردنی موچەی مانگی نۆ دەچێتە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، سەبارەت بە موچەکانی مانگی ١٠ و ١١ و ١٢ لێککتێگەیشتنێکی ئەرێنیان هەیە لەگەڵ بەغدا و داوا کراوە بەغدا سێ ٧٠٠ ملیار دیناری تر بە قەرز بۆ هەرێم بنێرێت بۆ ئەوەی مووچە دابەشبکەن. پێشتریش ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی وت، " بەغدا لە مانگی ١٢دا پاکتاوی دارایی دەکات و پاش ئەوە بڕیار دەدرێت کە بڕی قەرزی دیکە بۆ هەرێم بنێردرێت یاخوود نا، بەلەبەر چاوگرتنی پشکی نێردراوی ئەمساڵی هەرێم".

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی دابیننەکردن و دواکەوتنی شایستە داراییەکانی مامۆستایان و وانەبێژانەوە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە ١١ شوێنی جیا جیای هەرێم پەکی کەوتووە و مامۆستایان باس لەوەدەکەن، ١٠ ساڵە تەحەمولی ئەو دۆخە دەکەن و چیتر ناتوانن بە گیرفانی بەتاڵ و دەروونی نائارامەوە وانە بڵێنەوە.

ماوەی نزیکەی مانگێکە خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمەوە بەردەوامە و هێشتا حکومەت هیچ وەڵامێکی نەداونەتەوە.













گەلەری