وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەوانەی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون یان لە نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا چارەسەر وەردەگرن مافی دەنگدانیان نییە. دەشڵێت، "بەرپرسی وێستگەکانی دەنگدان دەبێت بەردەوام پێنوسی دەنگدان و ئامێری پەنجە مۆر پاکژ بکەنەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاناوخۆییەکان رایگەیاند، کۆمسیۆن چەند رێکارێکی خۆپارێزی بۆ رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتی داناوە و میکانیزمی تایبەتی بۆ پاراستنی تیمەکانی دەگرێتەبەر.
ئاماژەی بەوەشدا، بەردەوام لەگەڵ لیژنەی باڵای تەندروستی
و سەلامەتی عێراق لە پەیوەندیدان بۆ دابینکردنی ماسک تا لە رۆژی دەنگداندا بەکاربهێنرێن
و هەموو ئەو پێداویستییانەی بۆ خۆپارێزی گرنگن بۆ تیمەکانییان دابیندەکەن کە بەردەوام
بەسەر وێستگە و نوسینگەکاندا دەگەڕێن.
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
وتیشی، چەند تیمێکی تایبەت پێکهێنراوە بەسەر وێستەگەکاندا دەگەڕێن بۆ ئاگاداربوون
لە روودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و یان هەبوونی توشبوونی کۆرۆنا تا بەزوترین کات
چارەسەری بکەن.
لەبارەی توشبووان و ئەوانەی لە نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا خەوێنراون،
جومانە غەلای ئاشکرایکرد، دەنگدان نایان گرێتەوە و مافی دەنگاندییان نییە. دەشڵێت،
ئەگەر کرا دەکرێت دەنگدەر بە شێوازی یارمەتیدان دەنگبدات، بەڵام بەمەرجی پابەندبوون
بە رێکارەکانی خۆپارێزییەوە.
باسی لەوەش کرد، رۆژێک پێش دەنگدان، سەرجەم بنکە و وێستگەکانی
دەنگدان بەهاوکاری تیمەکانی بەرگری شارستانی پاکدەکرێنەوە.
لەبارەی رۆژی دەنگدان و دەنگدەرانیشەوە، جومانە غەلای وتەبێژی
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، فەرمانگەکانی تەندروستی
بەرپرسن لەوەی دەستی دەنگدەران پاکژ بکەنەوە "تەعقیم بکەن" و بەرپرسی
ناساندن دەبێت ئامێری تۆمار و لێکۆڵینەوەی ئەلیکترۆنی بەردەوام پاکژبکاتەوە و بەرپرسی
وێستگەی دەنگدانیش پێنوسی دەنگدان پاکژ بکاتەوە بە دەرمانی پاککەرەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە لە رێکەوتی ١٠ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی
پێشوەختی پەرلەمانی عێڕاق بەڕێوەبچێت و تیایدا زیتر لە ٢٥ ملیۆن دەنگدەر ٣٢٩ ئەندام
پەرلەمان هەڵدەبژێرن.
كـ، ئـ