سەردێڕ:

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی بەردەوامبوونی زەمینلەرزەکان لەناوچەکانی ھەرێم دەکات

PM:02:28:28/09/2021

16332 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات بەھۆی ئەو زنجیرە زەمینلەرزانەی کە لە دورگەی کریت و ئەفغانستان روویداوە زەمینلەرزەکان لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن.


سیروان ساڵح عەلی شارەزای کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە " دوێنێ زەمینلەرزەیەکی بەھێز بە پلەی ٦ بە پێوەری ڕێختەر دورگەی کریتی سەربە وڵاتی یۆنانی ھەژاند و ھەمان رۆژ زەمینلەرزەیەکی پلە بەرز بە گوڕی ٥.١ پلە بە پێوەری ڕێختەر ناوچە سنورییەکانی خۆرھەڵاتی ئەفغانستانی ھەژاند".
رونیشیکردەوە "ئەم دوو بومەلەرزەیە کاریگەرییان کردووەتە سەر پلێتی عەرەبی و فارسی، واتە ئەوەی دورگەی کریت کەوتۆتە خۆرئاوای پلێتی عەرەبی و ئەوەی باکوری خۆرھەڵاتی ئەفغانستان کەوتوەتە خۆرھەڵاتی پلێتی فارسییەوە". 
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بە کاریگەری ئەو دوو زەمینلەرزەیە کرد لەسەر ناوچەکە  کە بەوتەی ئەو دەبێتە ھۆی فشارخستنە سەر ھەردوو پلێتی (فارسی و عەرەبی) لەسەر یەکتر زیاتر دەبن. 
وتیشی "واتە دوای ئەوەی ماوەیەکە تا ڕادەیەک ھێمنی لە نێوان ھەردوو پلێتەکە ھەیە ئەگەر زۆرە تا ماوەی دوو ھەفتەی تر چالاکی زەمینلەرزەکان لە سنورەکانی ھەردوو پلێت دەستپێبکەنەوە بە پلەو گوڕ و کاتی نەزانراو". 
سیروان ساڵح پێشبینی ئەوە دەکات کە چالاکی زەمینلەرزەکان بە تایبەت لە ناوچە سنورییەکانی خۆرھەڵاتی کوردستان تا باشووری ئێران و خۆرھەڵاتی تورکیا واتە باکووری کوردستان و تەواوی ناوچە سنوورییەکانی خۆرھەڵاتی ھەرێمی کوردستان و عێراق، دەستپێ بکەنەوە.
بڵاوکراوەکە لە کاتێکدایە کە  لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا دوو زەمینلەرزە بە گوڕی جیاواز شاری کەلاری ھەژاند. 
زەمینلەرزەی یەکەمیان بە گوڕی ٣ پۆینت ٨ پلە  و ئەوی تریان بە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر و بە گوڕی ٤ پۆینت ٢ بوو.












گەلەری