سەردێڕ:

ئیسرائیل ھەڵوێستی خۆی لەسەر کۆبوونەوەکەی ھەولێر راگەیاند

PM:01:53:26/09/2021

11568 جار خوێندراوەتەوە

لەوەڵامی کۆبوونەوەکەی شاری ھەولێر کە تیایدا ٣٠٠ کەسایەتی عێراقی داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیلییان کردبوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئیسرائیل دەست بۆ ئاشتی درێژ دەکات".


سەدان کەسایەتی عێراق شیعە و سوننە رۆژی ٢٤ی ئەم مانگە کۆبوونەوە و تیایدا داوای ئاساییەکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیسرائیل و بەرقەرارکردنی ئاشتییان کرد لەنێوان ھەردوولادا.
نەفتالی بێنیت سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیانراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەم داواکارییە لە خوارەوە ھاتووە نەک لە سەرەوە، لە خەڵکەوەیە نەک لە حکومەت، ھەروەھا دانپێدانانی ئەو ستەمە مێژووییەشە کە لە جولەکە کراوە لە عێراقدا". 
کۆبوونەوەکەی شاری ھەولێر چەندین کاردانەوەی بەدواداھات و لەدوایین پێشھاتیشدا، وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی عێراقی فەرمانبەرێکی وەزارەتەکەی رەوانەی لیژنەی لێکۆڵینەوەکرد لەسەر ئەوەی بەشداری لەکۆبوونەوەکەی رۆژی ٢٤ی ئەم مانگەی شاری ھەولێری کردبوو. 
لە راگەیەندراوێکیشدا، حکومەتی عێراق ئەو کۆبوونەوەیەی بە "نایاسایی" دانا و ئەوەشی خستەڕوو، "کۆبوونەوەکە لەلایەن چەند کەسایەتییەکی عەشائیری عێراقی دانیشتووی شاری ھەولێر لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە".
حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، "چەمکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بەگوێرەی دەستور و یاسا و سیاسەتی دەوڵەتی عێراق رەتکراوەتەوە و ھەڵوێستی مێژووییانەی عێراق لە پاڵپشتیکردنی دۆزی فەڵەستین و پشتیوانیکردن لە مافی گەلی فەڵەستین جێگیرە و وەک خۆیەتی".
لەبەرامبەریشدا، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێم رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا بێئاگایی حکومەتی لە ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە راگەیاند و وتی، "کۆبوونەوەکە بەبێ ئاگاداری و بەشداری حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێکخراوە و بەڕێوەچووە، ئەم کۆبوونەوەیە بە ھیچ شێوەیەک گوزارشت لە ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ناکات، رێکاری پێویستیش بەرامبەر چۆنییەتی رێکخستنی کۆبوونەوەکە دەگرینە بەر". 
ھەر ئەمڕۆ، ھەریەک لە ئەنجومەنی دادگای باڵای عێراق و دادگای لێکۆڵینەوەی رەمادی یاداشتنامەی فەرمانی دەستگیرکردنییان بۆ بەشداربوانی کۆنگرەی "بانگەشەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیڵ" لە ھەولێر دەرکرد.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٤ی ئەم مانگە، لەشاری ھەولێر ژمارەیەک کەسایەتی عێراقی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تیایدا، داوای ئاساییکردنەوە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیسرائیلییان کرد و لەگەڵ ئەوەشدا، پێشنیاری پرۆسەی ئاشتی نێوان ھەردوولایان کرد.













گەلەری