سەردێڕ:

دژى دابەش نەکردنى موچە مانگرتن لەم فەرمانگەیە راگەیەندرا

PM:01:33:26/07/2023

5948 جار خوێندراوەتەوە

دژی دواکەوتنی موچەکانیان، فەرمانبەرانی بانکی خانووبەرەی گەرمیان مانگرتنیان لە کارکردن راگەیاند.


ئەمڕۆ چوارشەممە، بەشێک لە فەرمانبەرانی بانکی خانووبەرەی گەرمیان لە کەلاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیان بایکۆتی دەوامیان کرد و یەکێک لەو فەرمانبەرانە بە ئێن ئاڕ تی وت، "ئێمە مانگ و رۆژمان لێ تێکچووە نازانین کەی موچە وەردەگرین، نزیکەی دوو مانگە موچەمان وەرنەگرتوو." وتیشی، حکومەت داهاتی لە بەردەستە بۆ موچە بەڵام نایەوێت موچە دابەشبکات.

فەرمانبەری بانکەکە باسی لەوەشکرد، هەر خۆیان رۆژانە نزیکەی ٨٠ ملیۆن دینار دەگەرێننەوە بۆ بانکی کەلار، بەڵام نازانن ئەم پارەیە بۆ کوێ دەڕوات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە هەفتەی رابردوو بەهۆی دواکەوتنی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمەوە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە پەیامێکدا، رایگەیاند، حکومەتی کاربەرێکەر موچەی لەبەردەستدایە بەڵام دابەشی ناکات، داوای لە هاوڵاتییان و فەرمانبەران کرد کە لە داهاتوودا بەشداری خۆپیشاندانی سەرتاسەری بکەن.

ئەمڕۆ مانگێک تێپەڕیوە بەسەر وادەی دابەشکردنی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم، تاوەکو ئێستاش رووننیە کەی موچەی مانگی شەش دابەشدەکرێت، لە ٢٠ ئازاری ٢٠٢١یش وتەبێژی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم رایگەیاند، هەموو ٢٥ مانگێک موچە دابەشدەکەن، بەڵام لەو وادەیەوە تاوەکو ئێستا حکومەت تەنها دوو موچەی لە ٢٥ مانگدا دابەشکردووە و مانگەکانی دیکە نەک لە وادەی خۆی دابەشی نەکردووە بەڵکو دواشیخستووە.














گەلەری