سەردێڕ:

ئۆتۆمبێلێک لە کەلار کرایە ئامانج و چوار کەس گیانیانلەدەستدا

AM:09:55:17/06/2022

94676 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، لە قەزای کەلاری سەر بە شاری سلێمانی تەقینەوەیەک روویداوە لە نزیک سایلۆی کەلار و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیانلەدەستداوە و کەسێکی دیکە بە سەختی برینداربووە.


چاوگێک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، چوار تەرم گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەکەیان کە جەستەیان بە تەواوی سوتاوە.

بەگوێرەی وتەی شایەتحاڵەکان پێدەچێت تەقینەوەکە بەهۆی درۆنەوە بووبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، تا ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی هیچ لێدوانێکی لەبارەی رووداوەکەوە بڵاو نەکردووەتەوە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەدا، رێگای سەرەکی کەلار – سلێمانی بەهۆی خۆپیشاندانی شۆفێرانەوە بەهۆکاری نەگەیشتنی بەنزینی ٨٠٠ دانیاری داخراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەکاتی خۆپیشاندانی شۆفێراندا لە سایلۆی بەردەسور لە نزیک خۆپیشاندەران، هاوڵاتییان باسیان لەوەکردووە تەقینەوەیەک روویداوە.

دەشڵێت، شایەتحاڵەکان دەڵێن نازانرێت رووداوەکە تەقینەوەی بۆمبی چێنراوبووە یان بە درۆن هێرش کراوە.

هاوکات، چاوگێکی ئەمنی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو کەسانەی کوژراون سێ کەسن و خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و پێدەچێت سەربە پارتی کرێکارانی کوردستانبن.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، هێزێکی ئەمنی و تیمێکی تەندروستی بەرەوشوێنی رووداوەکە بەڕێکەوتوون.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەشکرد، تا ئێستا لایەنە ئەمنییەکان هیچ زانیارییەکی فەرمی و وردەکاری رووداوەکەیان بە رۆژنامەنوسان و میدیاکان نەداوە و پێیان راگەیاندوون بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکان.

وتیشی، بە وتەی شایەتحاڵەکان بەهۆی رووداوەکەوە سێ کەس کوژراون و کەسێکیش برینداربووە.

دەشڵێت، بەهۆی هاتنی فرۆکەی بێفڕۆکەوان لە شەودا بۆ ئاسمانی ناوچەکە گومانی ئەوەی لای هاوڵاتییان زیادکردووە کە تەقینەوەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدرابێت.

 

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکە بەهۆی هێرشی درۆنەوە بووە و لە ئاکامی رووداوەکەشدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێک بە سەختی بریندار بووە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی شەهید هەژار لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

هەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، دووان لەو کەسانەی گیانیانلەدەستداوە ژن بوون و ژمارەی تەواوی سەرنشینەکانی ئۆتۆمبێلەکە پێنج کەس بووە کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکان و ئاسایشی سنورەکان.

هاوکات، دوابەدوای هێرشەکە راستەوخۆ وەزارەتی بەرگری تورکیا لە تویتەری خۆی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تیایدا ئاشکرای کرد، "لە هێرشێکدا بە درۆن لە باکوری عێراق لە ئۆپەڕاسیۆنی چنگ قفڵ شەش ئەندامی پارتی کرێکارانمان کوشتوە."


 

بڕیار جاف - کەلار 













گەلەری