میسى: کۆتایى هاتنم لەگەڵ ئەرجەنتین نزیکە

AM:08:58:12/07/2023

2600 جار خوێندراوەتەوە

+ -

میسى دووپاتیکردەوە لە وازهێنان لە یارى نێودەوڵەتى نزیکە و دواى بردنەوەى مۆندیالیش دەیەوێت چێژوەربگرێت.

لە چاوپێکەوتنێکى تایبەتدا، لیۆنێل میسى کاپتنى هەڵبژاردەى ئەرجەنتین و یاریزانى نوێى یانەى ئینتەر میامى ئەمریکى وەڵامى پرسیارى چەند هاوکارێکى لە هەڵبژاردەى تانگۆ دەداتەوە و ئاماژە بە نزیکبوونەوەى لە وازهێنان لە یارى نێودەوڵەتى دەکات.

ئیزکویل پالاسیۆس لە میسى دەپرسێت، کە تا کەى لەگەڵ ئەرجەنتین بەردەوام دەبێت، ئەویش دەڵێت "نازانم، بەڵام دواى بەدەستهێنانى نازناوى مۆندیال دەمەوێت چێژوەربگرم، بەپێى لۆژیک و تەمەن، کۆتایى هاتنم لەگەڵ هەڵبژاردەکەم نزیکە".

نیکۆلاس تالیافیکۆ لە میسى دەپرسێت ئەو پلانە چى بووە وایلێکردووە بەردەوامبێت لە تەواوى ئەم ساڵانەدا؟ لە بەرامبەردا میسى دەڵێت "ئەقڵیەت و بەردەوامبوونى هەمیشە و ئارەزووى بەدەستهێنانى زیاتر و قوربانیدان و هەوڵدان بووە".

لیساندرۆ مارتینێزیش پێى دەڵێت لاى تۆ هەڵبژاردەکەت چى دەگەیەنێت؟ میسى دەڵێت "باشترین شتە بەلاى منەوە و بە درێژایى کاروانەکەشم ئەمەم سەلماندووە، زۆر کاتى قورسیشمان بەسەربرد، ئەو کات هەموو شتێکم لەگەڵ بەرشەلۆنە بەدەستهێنا، بەڵام لەگەڵ ئەرجەنتین وانەبوو".

هاوکات میسى لە وەڵامى پرسیارى جولیان ئەلڤارێز لە بارەى چۆن وەک میسى هەڵسوکەوت دەکات و دەڵێت "هەمیشە بەشێوەیەکى ئاسایى دەژیم، پێمخۆشە چێژ لە کاتەکانم لەگەڵ خێزانەکەم و هاوڕێکانم وەربگرم، هاوبەشییان لەگەڵدا بکەم لە شتە سادەکاندا، وەک چوون بۆ قوتابخانە لەگەڵ منداڵەکان و یاریکردن لە باخچەکە".

گ . ف