بنزیمە بووە چوارەم گۆڵکاریی مێژووی لالیگا

AM:11:16:30/04/2023

1372 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بنزیمە کێبڕکێی گۆڵکاری ئەم وەرزەی لالیگای گەرمتر کرد و بووە چوارەم گۆڵکاری مێژووی خولەکە.

کەریم بنزیمەی فەڕەنسی لە یاری یانەکەی بەرامبەر ئەلمێریا لە خولی ئیسپانیا توانی هاتریک تۆماربکات ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 17 گۆڵ و جیاوازی گۆڵەکانی لەگەڵ لیڤاندۆڤسکی پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکە گەیاندە دوو گۆڵ.

تۆڕی ئۆبتا تایبەت بە ئامارەکانی تۆپی پێ ڕایگەیاند کە بنزیمە تائێستا 236 گۆڵی لە لالیگادا تۆمارکردووە و ژمارەی گۆڵەکانی هۆگۆ سانچێزی تێپەڕاند و بووە چوارەمین گۆڵکاری مێژوویی خولەکە.

پێشەنگی گۆڵکارانی مێژووی لالیگا تایبەتە بە لیۆنێل میسی ئەرجنتینی یاریزانی پێشووی بەرشەلۆنە کە خاوەنی 474 گۆڵە و دوای ئەویش کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دێت بە تۆمارکردنی 311 گۆڵ.

بنزیمە تەنیا 14 گۆڵ لە خاوەنی پلەی سێیەمی ڕیزبەندیەکەوە دوورە کە تیلمۆ زارایە و خاوەنی 252 گۆڵە و ڕەنگە بەئاسانی بگاتە ئەو ژمارە گۆڵە.