ئایا تۆرێس و ئاراوخۆ و کریستنسن لە بەرشەلۆنە دەڕۆن؟

PM:05:18:30/07/2025

532 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئاراوخۆ داوای رۆیشتنی لە بەرشەلۆنە کردووە و ئەو یانەیەش دەیانەوێت دەستبەرداری کریستنسن بن و سعودییەکانیش تۆرێسیان دەوێت.

رادیۆی کادینا سێر راپۆرتێکی لەسەر داهاتووی چەند یاریزانێکی یانەی بەرشەلۆنە کردووە و رایگەیاندووە، رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکاری ئۆرۆگوایی داوای رۆیشتنی لە کارگێڕی بەرشەلۆنە کردووە.

رادیۆکە ئاماژەی بەوەداوە، ئاراوخۆ دڵنیایە لەوەی کە لە وەرزی داهاتوودا بە هیچ شێوەیەک وەک یاریزانی سەرەکی مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت لەبەرئەوە دەیەوێت ئەزمونێکی نوێ تاقیبکاتەوە تا بە باشترین شێوە ئامادەکاری بکات بۆ مۆندیال.

لەسەر داهاتووی ئەندریاس کریستنسنی بەرگریکاری دانیمارکی لە بەرشەلۆنە، ئەو رادیۆیە ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی یانە کەتەلۆنیەکە بڕیاری فرۆشتنی ئەو یاریزانەیان داوە.

رونیشیکردووەتەوە، لە ئێستادا یانە ئیسپانییەکە چاوەڕێن ئۆفەرێکی گونجاویان پێشکەش بکرێت تا خوێندنەوەی بۆ بکەن و دەستبەجێ قبوڵی بکەن و دەستبەرداری کریستنسن ببن.

سەبارەت بە فێران تۆرێس، کادینا سێر رایگەیاندووە، یەکێک لە یانە سعودییەکان هەوڵی گواستنەوەی ئەو هێرشبەرە ئیسپانییە دەدەن و دەیانەوێت بۆ وەرزی نوێ پەلکێشی بکەن بە بێ ئەوەی ناوی یانەکە ئاشکرابکات.

رونیشیکردووەتەوە، ئەو یانە سعودیە مووچەی ساڵانەی 20 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی فێران تۆرێس دەکات کە بۆ ماوەی سێ ساڵ دەکاتە 60 ملیۆن یۆرۆ، جگە لەوەش یانەی بەرشەلۆنە داوای هەر بڕە پارەیەک بکات بەرامبەر فرۆشتنی تۆرێس پێیان ئەوا بە دڵنیاییەوە رازیدەبن و پێشکەشیان دەکەن.

خ . ک